ترەمپ: بایدن زۆر لە چین دەترسێت بۆیە ملیۆنان دۆلاری پێدەدات

K24 - هەولێر

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، باوەڕی وایە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن زۆر لە چین دەترسێت، لەبەرئەوە بە ملیۆنان دۆلاری پێدەدات.

ترەمپ بە کەناڵی نیوزماکسـی ئەمەریکی راگەیاند، جۆو بایدن "زۆر لە چین دەترسێت"، لەبەر ئەوە پەکین ملیۆنان دۆلاری پێدەدات.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "پێم وایە سەرۆکێکمان هەیە یاری پێکراوە، پێموایە زۆر لە چین دەترسێت چونکە دەزانن چەند پارەی پێدراوە، دەزانن لە کوێیە، تا ئەمڕۆ پێموایە 32 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی هەیە کە چووەتە ناو ئەکاونتەکانی، ئەکاونتە جیاوازەکانی خێزان، بڕێکی زۆر پارەیە، تەنها بەرتیلە، سەرم سوڕماوە هیچ رێوشوێنێک بۆ ئەوە نەگیراوەتەبەر".

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دەشڵێت:  پێی وایە چین زۆر لەوە زیاتر پارەی بە بایدن داوە.

راشیگەیاند: "سەیری زانکۆی پێنسیلڤانیا بکەن، سەیرکە چی لەوێ روودەدات، چین ملیۆنان دۆلاری رژاندووە بۆ ناوەندی بایدن". پێم وایە ساڵانە یەک ملیۆن دۆلاری پێدەدەن".

ترەمپ پێی وایە چین سامانێکی زۆری بە بایدن داوە، چونکە کەسێکی وا لاواز بەرامبەر چین ئاماژەیە بۆ زیادبوونی کاریگەرییەکانی پەکین لە کوبا و ئەمەریکای باشوور لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا.