کیم جۆنگ ئون بەرپرسێکی باڵای سوپای وڵاتەکەی لە کارەکەی دوورخستەوە

کۆبوونەوەی کیم جۆن ئون لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی
کۆبوونەوەی کیم جۆن ئون لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی

K24 - هەولێر

میدیای فەرمی پیۆنگ یانگ ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، جەنەڕاڵی باڵای سوپای وڵاتەکەی لە کارەکەی دوورخستووەتەوە و داوای چڕکردنەوەی ئامادەکارییەکانی جەنگی کردووە بە شێوەیەکی هێرشبەرانە، لە رێگەی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی چەک و ئەنجامدانی مەشق و راهێنانی زیاتر.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور، تەنها چەند رۆژێک دوای سەردانەکەی کیم بۆ چەند کارگەیەکی سەرەکی چەک، ئەم کۆبوونەوە سەربازییە ئەنجام درا.

ئەم کۆبوونەوە سەربازییە لە کاتێکدایە کە سیئۆل و واشنتن خۆیان بۆ ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی گەورە لە کۆتایی ئەم مانگەدا ئامادە دەکەن کە کۆریای باکوور وەک پێشەکییەک بۆ هێرشکردن سەیر دەکات.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کیم لە میانی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەرکانی گشتی، پاک سوو ئیل، لە پۆستەکەی دوورخستووەتەوە و جێگری مارشال ڕی یۆنگ گیل، لە شوێنی داناوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

لە راپۆرتەکە ئەوەشهاتووە، کە کارنامەی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە، ئامادەکارییە تەواوەکانی جەنگ لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا دەستەبەرکردنی ئامرازی هێرشی بەهێزتر بۆ دڵنیابوون لە ئامادەیی سەربازی بۆ شەڕ".

دەشڵێت: کیم "داوای لە هەموو دامەزراوەکانی پیشەسازی تەقەمەنی کردووە بەردەوام بن لە بەرهەمهێنانی چەک و ئامێری جۆراوجۆر".

سەرۆکی کۆریای باکوور، "داوای کرد چالاکانە مەشقی جەنگی ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر نوێترین چەک و کەلوپەل بەکاربهێنرێت کە لەم دواییانەدا جێگیرکراون".

KCNA  رایگەیاندووە، کیم گەیشتووەتە ئەنجامێکی گرنگ لەسەر چڕکردنەوەی زیاتری ئامادەکارییەکانی جەنگی سوپای گەلی کۆریا بە شێوەیەکی هێرشبەرانە، هەروەها لە کۆبوونەوە سەربازییەکەدا باس لە ئامادەکارییەکان کراوە بۆ نمایشێکی گەورە بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی 75 ساڵەی دامەزراندنی کۆریای باکوور لە 9 ئەیلولدا.

مانگی ڕابردوو پیۆنگ یانگ نمایشێکی سەربازی گەورەی ئەنجامدا بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی یادی 70 ساڵەی ئاگربەستی جەنگی کۆریا، شرۆڤەکاران ئەو رووداوەیان بە گەورەترین نمایشی کۆریای باکوور بۆ سیستەمی توانای ئەتۆمی وەسف کرد.

هەروەها کۆریای باکوور پێشانگایەکی گەورەی چەکی دروست کردووە، بۆ ئەوەی کە سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری رووسیا سەردانی ئەو وڵاتەی کرد، بۆ ئەوەی نوێترین و پێشکەوتووترین چەکی وڵاتەکەی پیشان بدات، لەوانەش مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.