بەهۆی وەرگەڕانی بارهەڵگرێکی حزبوڵڵاوە دوو کەس کوژران

شوێنی رووداوەکە، ناوچەی کەحالی لوبنان
شوێنی رووداوەکە، ناوچەی کەحالی لوبنان

K24 - هەولێر

بارهەڵگرێک کە گومانی گواستنەوەی چەک بۆ "حزبوڵڵا"ی لێدەکرا، لە ناوچەی کەحالەی لوبنان وەرگەڕا، دواتر بەهۆی گرژی و ئاڵۆزیەوە دوو کەس کوژران، کە یەکێکیان خەڵکی ناوچەکەبوو، ئەوی دیکەیان لە بەرەی حزبولڵا بوو.

بارهەڵگرەکە لە کەحالە کە ناوچەیەکی شاخاوییە و نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی بەیروتەوە دوورە، وەرگەڕا، شایەتحاڵان دەڵێن، خەڵکی ناوچەکە گومانیان لە بارهەڵگرەکە کردووە، کە سندوقی داری قفڵکراوی پێ بووە، ئاماژەیان بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکانی حزبی لە بارهەڵگرەکەوە نزیک بوون، رێگریان کردووە خەڵک لێیان نزیکببنەوە.

شایەتحاڵێک گوتی: کاتێک خەڵکی ناوچەکە نزیکی بارهەڵگرەکە بوونەوە، ئەوان تەقەیان لە گەنجەکان کردووە بۆ ئەوەی نەتوانن پێشڕەوی بکەن، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرژی تەقە لە نێوان هەردوولا روویدا .

 دوو سەرچاوەی ئەمنی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، لە ئەنجامی پێکدادانەکان لەنێوان ئەندامانی حزبوڵڵا و دانیشتوانی شارۆچکەی کەحالێ کە زۆرینەی مەسیحیین، دوو کەس کوژراون، کە دوای ئەوەی دانیشتووان گەمارۆی بارهەڵگرێکیان دا کە وەرگەڕاوە.

سەرچاوەیەک باسی لەوەشکرد، سوپای لوبنان گەمارۆی بارهەڵگرەکەیان داوە و نەزانراوە چی تێدایە، سوپای لوبنان دەستبەجێ دەستوەردانی کرد و ڕێگری لە نزیکبوونەوەی دانیشتوانی لوبنان لە بارهەڵگرەکە کرد، ئەمەش لە کاتێکدابوو کە زانیاری لەسەر کشانەوەی "حیزبوڵڵا" لە ناوچەکەدا هەبوو

دواتر سوپای لوبنان بە ئۆتۆمبێلی خۆی بارهەڵگرەکەی بەرزکردەوە، هاوکات دانیشتووانی ناوچەکە رەتیانکردەوە رێگاکە لە کەحالی بکەنەوە، چونکە چەکدارەکان تەقەیان لە خەڵکی ناوچەکە کردووە و گەنجێکیان کوشتووە، دەشڵێن: بۆیە بڕیارمان داوە کە رێگاکە بە هەردوو ئاراستەکەدا دابخەین، ئەوان داوایان لە حکومەتی لوبنان کرد، ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و دڵنیابن لەوەی کە بارهەڵگرەکە هی حزبوڵایە.