پێنج سەربازی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان کوژران

K24 - هەولێر

لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەی زاپ پێنج سەربازی تورکیا کوژران.

وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاندبوو، لە ناوچەی زاپ لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی پەکەکە دوو سەربازی تورکیا کوژراون  و سێ سەربازی دیکەش برینداربوون و بەهۆی سەختی برینەکانیان گیانیان لەدەستداوە،  ژمارەی کوژراوەکانی سوپای تورکیا بووە بە پێنج کەس.

سوپای تورکیا لە 14 نیسانی ساڵی رابردووەوە لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینای ئۆپەڕاسیۆنێکی بەرفراوانی لە دژی چەکدارانی پەکەکە دەستپێکردووە، بەگوێرەی ئامارەکان تاوەکو ئێستا نزیکەی 150 سەربازی سوپای تورکیا و زیاتر لە 500 چەکداری پەکەکە کوژراون.

بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا بەشێکی لە گوند و هاوینەهەوارەکانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵ کراون، زۆر جاریش ئەو شەڕە بەردەوامە زیانی گیانی و ماددی بەر گوندنشینان دەکەوێت.