منداڵێکی کوردی ئێزدی لە پێشبڕکێی نیگارکێشی ئەرمینیا بێبەشدەکرێت

سۆفیا مورادۆڤا، نیگارکێشی کوردی ئێزدی
سۆفیا مورادۆڤا، نیگارکێشی کوردی ئێزدی

K24 - هەولێر

سۆفیا مورادۆڤا، منداڵێکی نیگارکێشی کوردی ئێزدییە لە ئەرمینیا، دەیویست بەشداری پێشبڕکێیەکی نیگارکێشی بکات، بەڵام داواکەی تەنیا لەبەر ئەوەی ئەرمینی نییە، ڕەتکراوەتەوە.

دوێنێ چوارشەممە 9ـی ئابی 2023، روستەم باکۆیان، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی ئەرمینیا، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "سەرنجم بۆ ئەو ڕووداوەی دەرهەق بە نیگارکێشی بچکۆلانەی ئێزدی، سۆفیا مورادۆڤا ڕاکێشرا، کە مشتومڕی زۆری لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستکردووە، کە دەیەوێت بەشداری پێشبڕکێیەکی نیگارکێشان بکات بەڵام، لەبەر ئەوەی ئەرمەنی نییە، رەتکراوەتەوە".

رەتکردنەوەی داواکەی ئەو کچە ئێزدییە، وەکو ئەوەی روستەم باکۆیان باسی کردووە، "ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی کە هێشتا جیاکارییەکی ئاشکرا لە دژی مافی نوێنەرانی کەمینە نەتەوەییەکان لە ئەرمینیادا هەیە" و  بە توندی سەرکۆنەی ئەو کارە دەکات.

ئەو پەرلەمانتارە ئێزدییە دەشڵێت، "بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم، ماددەی 203ی یاسای تاوانەکانی ئەرمینیا بەرپرسیارێتی تاوانکاری لەسەر بنەمای جیاکاری دادەمەزرێنێت" و ئاماژە بەوە دەدات، "شارەزایانی لیژنەی پەیوەندیدرام ڕاسپاردووە لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە بکەن".