سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: تا سەرەتای مانگی داهاتوو پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەردەوام دەبێت

کۆنگرەی رۆژنامەوانی محەممەد شۆکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان
کۆنگرەی رۆژنامەوانی محەممەد شۆکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژە بەوە دەدات، تا رۆژی 2ـی مانگی داهاتوو پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان بەردەوام دەبێت و دەڵێت، بەڵێنیان لە وەبەرهێنەران وەرگرتووە، راسەوخۆ دوای ئەوەی جووتیاران گەنمەکەیان رادەستدەکەن، شایستە داراییەکانیان پێ بدرێت.

دوای ئەوەی مـەسرور بـارزانی، سـەرۆکی حکـومەتی ھـەرێمی کـوردسـتان، کـێشـەی جوتـیارانی پـارێـزگـای دھـۆکی چارەسەرکرد، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی ئابی 2023، پـرۆسـەی وەرگـرتـنـی جـووتـیـارانی سنووری پارێزگای دھـۆک لـە کـارگـە و سـایـلـۆی "تـیـانی" لەسەر ڕێگەی دهۆک - زاخۆ دەستیپێکرد.

هاوکات محەممەد شۆکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ جووتیاران و وەبەر‌هێنەران رێککەوتوون پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی وەرنەگیراوی جووتیارانی هەرێمی کوردستان تا 2ـی ئەیلوولی داهاتوو بەردەوام بێت و دەڵێت، "وەکو دەستەی وەبەرهێنان بەڵێنمان لە وەبەرهێنەران وەرگرتووە راستەوخۆ دوای رادەستکردنی گەنم، شایستە داراییەکانی جووتیاران پێیان بدرێت".

لەبارەی ئەو بڕە گەنمەی جووتیاران کە لە بەردەمی سایلۆکان مابووەوە و کۆمپانیا ناوخۆییەکان وەریگرتووە، محەممەد شۆکری گوتی، "وەکو ئەوەی پێم گوتراوە، لە ماوەی ئەم مانگەدا کارگە و سایلۆکانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، نزیکەی 40 بۆ 50 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ وەبەرهێنەران رێککەوتوون، هەوڵبدرێت هەموو ئەو گەنمەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەرنەگیراوە، بەو تایبەتمەندییانەی لەسەری رێککەوتوون، وەربگیرێت و ئەوەی خستەڕوو، یەک تۆن گەنمی جۆری پلە یەک بە 600 هەزار و یەک تۆن گەنمی جۆری پلە دووش بە 575 هەزار دینار دیاریکراوە.

وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە

وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق ئەمساڵ 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت؛ بەم شێوەیە، نزیکەی 230 هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 145 هەزار تۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆن گەنمی دیکەش لە سنووری پارێزگای دهۆک و نرخی هەر تۆنێکیش 850 هەزار دینار دیاریکردبوو.

حکومەتی عێراق تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 78 ملیار دیناری بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجکردووە. بەشێک لەو بڕە پارەیە لەلایەن سایلۆکانی هەرێمی کوردستانەوە بەسەر جووتیاران دابەشکراوە و بەشێکی دیکەش بەهۆی تەواونەبوونی هەندێک رێکاری کارگێڕی، تا ئێستا دابەشنەکراوە.

بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق، بڕێکی زۆری گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بەردەم سایلۆکان مابووەوە. دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا جووتیارانی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی ناڕازەیەتی خۆیان لە بەرامبەر وەرنەگرتنی گەنمەکەیان دەربڕی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لیژنەیەکی پێکهێنا، کێشەکەیانی چارەسەرکرد و هەردوو کۆمپانیان قەیوان لە سلێمانی و خۆشناو لە هەولێر راسپارد گەنمی جووتیاران وەربگرن.

هەرچی سنووری پارێزگای دهۆکیشە، رۆژی یەکشەممە 6ـی ئابی 2023، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەگەڵ نوێنەرانی جووتیارانی ناڕازی لە دھۆک کۆبووەوە و دواتر بڕیاردرا بەرهەمی گەنمی جووتیارانی دهۆک لەجیاتی هەولێر لە قەزای سێمێل وەربگیرێت. ئەمە لە کاتێکدایە لە دوو هەفتەی رابردوودا و بەهۆی وەرنەگرتنی گەنمەکەیان، ژمارەیەک لە جووتیارانی دهۆک گردبوونەوەیان ئەنجامدا و داوای چارەسەرکردنی کێشەکەیان دەکرد.

ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمی جووتیارانی وەرگرت

ساڵی رابردوو (2022)، بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە؛ بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، ئەمەش وایکرد حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمی جووتیاران وەربگرێت. بە شێوەیەک لە پارێزگای هەولێر 118 هەزار تۆن؛ لە سلێمانی 137 هەزار تۆن گەنم و لە دهۆکیش زیاتر لە 52 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرا. بەڵام ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی جووتیاران زۆر زیاتربوو و حکومەتی عێراق ئامادەبوو تەنها 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.