پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو

مەلا کەریم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق
مەلا کەریم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – کەرکووک

مەلا کەریم، پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، و لەناو بارەگای مەڵبەندی حەمرینی حزبەکەی لە خورماتوو لە هەوڵێکی تیرۆرکردنی رزگاری بوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، گرووپێکی چەکدار هەڵیانکوتاوە سەر مەڵبەندی یەکێتی لە خورماتوو، شەڕە تەقە دروستبووە. لە ئەنجامی شەڕە تەقە کەسێک لەناو مەڵبەند برینداربووە.

سەبارەت بە هۆکاری ئەو هێرشە بۆ سەر مەڵبەندی یەکێتی و هەوڵی تیرۆرکردنی ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، سەرچاوەکە گوتی: "ماوەیەکە هەوڵێک هەیە لەلایەن گرووپێک بۆ دروستکردنی حەشدی کوردی "حەشدی جاش" لە سنووری خورماتوو، دەگوترێت مەلا کەریم رێگربووە لە دروستکردنی حەشدی جاش، بۆیە ئەمڕۆ گرووپێک ویستویانە لەناو مەڵبەندی یەکێتی تیرۆری بکەن".

نووسینگەی مەلا کەریم، لە راگەیەندتراوێکدا نووسیویەتی: "ھاووڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە ھەڤاڵ مەلا کەریم سەلامەتە و لە ھەوڵی تیرۆرکردن رزگاری بوو لەناو بارەگای مەڵبەندی حەمرین".

د. ئەمین عەزیز، جێگری پێشووی پارێزگای سەڵاحەدین و کادیری پێشکەوتووی یەکێتی لە خوورماتوو بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو کەسەی هەوڵی تیرۆرکردنی مەلا کەریم پەرلەمانتارەکەی یەکێتی داوە کوڕی محەممەد عەریفە ئەو کەسەی لە هەوڵی دروستکردنی "حەشدی جاش" حەشدی کوردییە و ماوەیەکە لەگەڵ شیعەکانی خوورماتوو رێککەوتووەو گرووپێکی ناڕازییان پێک هێناوە".

 گوتیشی: "ئەو چەکدارە بە بیانووی بینی مەلا کەریم شکور رۆیشتووە، بەڵام نیازی خراپ بووەو ویستویەتی بە کردەوەی خۆکوژی مەلا کەریم تیرۆر بکات".

ئەو کایرەی یەکێتی راشیگەیاند: "بریندارەکە لە ژێر دەستی پاسەوانەکانی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتییە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە".

کوردستان24، پێشتر بەرنامە و پلانی ئەو گرووپە ناڕازییەی لە خوورماتوو ئاشکراکردووە، بەپێی زانیارییەکان بەیانی رۆژی هەینی بەنیازبوون ئۆفیسەکەیان بە فەرمی لە خوورماتوو بکەنەوە.