تیپێکی هونەری لە رۆمانیاوە کولتووری رەسەنی پێکهاتەکانی کەرکووک بە جیهان دەناسێنێت

تیپێکی هونەری لە رۆمانیاوە کولتووری رەسەنی پێکهاتەکانی کەرکووک بە جیهان دەناسێنێت
تیپێکی هونەری لە رۆمانیاوە کولتووری رەسەنی پێکهاتەکانی کەرکووک بە جیهان دەناسێنێت

K24 - هەولێر

تیپی هونەری میللی کەرکووک، لە ڕێگەی دامەزراوەی ڕایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و گەشەپێدانی مرۆیی، لەسەر ئاستی عێراق بەشداری فیستیڤالی نێودەوڵەتی ڕۆمانیا دەکات.

تیپەکە گوزارشت لە هەر چوار نەتەوەی عێراق دەکات، کە کورد، عەرەب، تورکمان، سریانی لەخۆوە گرتووە و بۆ ئەم فێستیڤاڵە بە سێ تابلۆ بەشدارە، کە بریتین لە تابلۆی برایەتی، گەرمیان، شوان.

هەڵۆ جەباری، سەرپەرشتیاری تیپەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "تیپەکەمان بەشدار دەبێت لە سێ فیستیڤاڵی جیاوازدا و چالاکییەکانیشمان لە وڵاتی رۆمانیا 14 رۆژ بەردەوام دەبن و لە سێ شاری جیای رۆمانیا دەست دەکەین بە نمایشەکانی شاری فاسلوێ و برێلا و کارش".

گوتیشی: "ئەم تیپە جوانە لە ڕێگەی جل و بەرگ و نمایشی تابلۆی هەڵپەڕکێیەوە گوزارشت لە ئاشتی و پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی کەرکوک دەکەن، لە سەرجەم خولەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە کەرکووک رۆڵی بەرچاویان هەبووە، لە ئێستاشدا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کولتور و فۆلکلۆری میللی لە وڵاتی ڕۆمانیا سەرەنجی هەمووانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە، ئەگەرچی بەهۆی ئاڵای کوردستانەوە رێگری زۆرمان لێکرا، بەڵام ئێمە هەر سووربووین لەسەر گەشانەوەی ئاڵای کوردستان لە چوارچێوەی فیستیڤاڵەکەدا و توانیمان لە یەکەم چالاکیی دا بە ئاڵا و پۆشاکی کوردییەوە کولتوری خۆمان بە وڵاتانی بەشداربوو بناسێنین و تا 16ـی ئابیش چالاکییەکانمان لەم وڵاتە بەردەوامی دەبێت".

جێگەی باسە، تیپی هونەری میللی کەرکووک، لە ساڵی 2008 لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە و لە 20 ئەندامی کچ و کوڕ پێکهاتووە و تا ئێستاش بەشداری چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی و ناوخۆییان کردووە و ئامانجیش لە دامەزراندنی تیپەکە پێشکەشکردنی تابلۆی پێکەوە ژیان و کۆکردنەوەی نەتەوەکانە لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی.