لە ئەندەنوسیا ئافرەت و پیاو لەناو ئۆتۆمبێل و شوێنە گشتییەکان لەیەکتر جیادەکرێنەوە

K24 – هەولێر:        

دەسەڵاتدارانی پارێزگای ئاچێ، لە وڵاتی ئەندەنوسیا فەرمانیان دەرکردووە بە جیاکردنەوەی ئەو ژن و پیاوانەی کە پەیوەندییان بە کەسوکاری راستەوخۆ یان خێزاندارەوە نییە، لەناو ئۆتۆمبێل و شوێنە گشتییەکاندا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (10ـی ئابی 2023)، محەممەد مەتا، گوتەبێژی حکومەتی خۆجێی ئاچێ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، یاداشتەکە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ "پێکهێنانی نەوەیەک کە بە دڵسۆزیەوە پابەندی بەها ئیسلامییەکان بن لە ژیانی رۆژانەی خۆیاندا" تا سەدەمین ساڵیادی سەربەخۆیی لە ساڵی 2045.

 محەممەد روونکردەوە، ئەو فەرمانە نوێیانە "رێکارێکی خۆپارێزییە" بۆ حکومەتی خۆجێی و دوای ئەوەی راوێژی لەگەڵ پیاوانی ئایینی موسڵمان کرد.

هاوکات دەسەڵاتداران بە فەرمانبەرانی حکومی و خەڵکی گشتی هەردوو رەگەز کە پەیوەندییان خێزانیان نییە، گوتووە "لە شوێنە گشتی و شوێنە بێدەنگەکان کۆنەبنەوە، هەروەها لەناو ئۆتۆمبێلیشدا".

پارێزگای ئاچێ دەکەوێتە سەر لوتکەی باکووری دوورگەی سوماترا، تاکە ناوچەیە لەم وڵاتە موسڵمانەدا کە شەریعەتی ئیسلامی دەسەپێنێت.

 سەرەڕای ڕەخنەی بەرفراوان، زۆرجار سزای شەق لێدانی گشتی بۆ ئەنجامدەرانی تاوانی جۆراوجۆر لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکرێت، لە یاری قومارەوە تا خواردنەوەی مەی و پەیوەندی سێکسی لە دەرەوەی هاوسەرگیری.

پارێزگای ئاچێ کە بە قەڵای موسڵمانان لە ئەندەنوسیا دەناسرێت، مافی جێبەجێکردنی یاسای شەریعەتی ئیسلامی پێدراوە بەپێی ئۆتۆنۆمییەکی بەرفراوان کە لە ساڵی 2001ـەوە پێی بەخشراوە.

ئەندەنوسیا دان بە شەش ئاییندا دەنێت و یاسای شەریعەتی نەرم و نیان جێبەجێ دەکات، بەڵام پراکتیزە توندەکانی ئیسلام لە دوای رووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری سوهارتۆ کە لە کۆتاییەکانی نەوەدەکاندا لەسەر بناغە علمانیەکان حوکمڕانی وڵاتی دەکرد.