لە پیرەمەگروون سێ ئەندامی خێزانێک کوژران

پیرەمەگروون
پیرەمەگروون

K24 – سلێمانی:

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، کەسێک هەڵدەکوتێتە سەر ماڵێک لە ناحیەی پیرەمەگروون، سێ ئەندامی خێزانێک دەکوژێت کە دوو برا و کوڕی یەکێک لە کوژراوەکانە.

ئەمشەو (10ـی ئابی 2023)، لە ناحیەی پیرەمەگروونی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بە هۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە کەسێک هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵێک و دوو برا و کوڕی یەکێکیانی کوشتووە و هاوژینی یەکێک لە کوژراوەکانیشی بریندار کردووە.

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، تەرمی کوژراوەکان رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی دەکرێن و بریندارەکەش رەوانەی نەخۆشخانەی شار کراوە.

هەروەها پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستیپێکردووە بۆ دۆزینەوەی تەقەکەرەکە و دەستگیرکردنی.

ناحیەی پیرەمەگروون رووبەرەکەی 372 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و سەر بە قەزای دوکانە لە پارێزگای سلێمانی و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 41 هەزار کەسە.