سیروان بارزانی: خەڵکانێک لە ترسی پێگەی خۆیان دەیانەوێت پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دوابخرێت

سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە
سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە

K24 – هەولێر:

بەرپرسی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە، رایدەگەیەنێت، پێشمەرگەی کوردستان بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی توانیان ئەفسانەی داعش تێکبشکێنن، لەبارەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان سیروان بارزانی گوتی: هاوپەیمانان لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بەردەوامن، بەڵام هاوپەیمانان لە کێشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە نیگەرانن.

سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24، رایگەیاند، ئەو کاتی کە ئەفسانەی داعش شاری مووسڵی داگیر کرد، فیرقەی هەشتی سووپای عێراق بەو هەموو چەکە پیشکەوتوانەی کە هەیانە بەرگەی کاتژمێرێکی داعشیان نەگرت و تێکشکان، دواتر شنگال و چەند ناوچەیەکی دیکە داگیرکران، داعش نزیکببوەوە لە سنوور هەرێمی کوردستان تەنانەت 25 کیلۆمەتر دوور بوو لە هەولێر

هەروەها راشیگەیاند، بەرەبایەنی (7ـی ئابی 2014) یەکەم رۆژی راگرتنی ئەفسانەی داعش بوو لەسەر دەستی پێشەمەرگە قارەمانەکان، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی، پێشمەرگە توانیان پێشرەوییەکانی داعش بوستێنن و سەرەتا چەند گوندێکی بچووک ئازادکران، دواتر گوێر و مەخموور ئازاد کران، لەسەر دەستی پێشمەرگە بوو داعش تێکشکا.

ئاماژەی بەوەشدا، پیشمەرگەی کوردستان بوو کە کوردستانی پاراست و نەیهێشت بکەوێت ژێر دەستی داعش، هەروەها خەڵکی ئەو ناوچانەی کە ئازادکران شاهێدن کە کێ داعشی تێکشکاندووە و کێ لە سەنگەر بووە، هەموو هێزی پێشمەرگە بەشداربوونە لە تێکشکاندنی داعش، لە ئێستادا ناوی پێشمەرگە زۆر بەرزە لە جیهاندا.

لەبارەی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەرپرسی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە، گوتی: "پێویستە پێشمەرگە یەک دەست و یەکگرتوو بێت لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بێت، هەروەها دەبێت هەموو لایەنەکان هاوکار و جددی بن بۆ پیشخستنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هەروەها یەکگرتنەوەی هێزەکان نابێت تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێت، گەورەترین خیانەت ئەوەیە ئەگەر کەسێک ململانێ سیاسی بگوازێتەوە ناو وەزارەتی پێشمەرگە".

سەبارەت بە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە، سیروان بارزانی، ئاماژەی بەوەدا، "هاوپەیمانان لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بەردەوامن، بەڵام هاوپەیمانان لە کێشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە نیگەرانن، هاوپەیمانان هاتوون بۆ ئەوەی یەکمان بخەنەوە ئێمە دەبێت سوپاسیان بکەین نابێت رێگری بکرێت لەو پرۆسەیە، پرۆسەکە هەنگاوی باشی بڕیەوە کە جێگای دڵخۆشیە بەڵام لەسەر هەندێک گرفتی بچووک ئەو پڕۆسەیە خاو بووەتەوە".

بەرپرسی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە، دەڵێت: هەندێک جار خەڵکانێک لە ترسی پێگەی خۆیان دەیانەوێت ئەو پرۆسەیە دوابخرێت، بەڕاستی هیچ بیانووێک نییە بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە دوا بکەوێت.

گوتیشی: پێویستە ململانێی کەسی نەهێندرێتە ناو وەزارەتی پیشمەرگە، پێویستە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە کۆدەنگی و یەکگرتووی هەبێت و بەدوور بێت لە کێشەی سیاسی، هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە خۆڕێکخستەوەی پێەوە دیارە، بەڵام لەو ئاستە نییە کە هاوپەیمانان دڵیان پێ خۆشبێت، دەبێت یەکگرتووتر بن.

باسی لەوەشکرد، دەبێت یەکدەنگی زیاتر لە وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت، بەشێکی زۆری پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامدراوە، دەبێت بەزووترین کات ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکرێت، پێویستە بەرژەوەندی کەسی لەو کارە دەربهێندرێت.