دوای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دانیشتوانی کفری کۆتاییان بە خۆپیشاندان هێنا

K24 – گەرمیان:

دەستەی خۆپێشاندەرانی کفری دوای سی و دوو رۆژ کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکەیان هێنا و لە راگەیێندراوێکدا سوپاسی خۆیان بۆ سەرۆکی حکومەت دەربڕی.

عوسمان قەتارچی، نوێنەری دەستەی خۆپیشاندەرانی کفری لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرۆکی حکومەت هەستاوە بە دابینکردنی، سێ ئەمبووڵانس، تەرخانکردنی 296 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگا، 49 ملیۆن دینار بۆ پێداویستی وەرزشی تیپە میلییەکان، تەرخاندکردنی 300 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، 400 ملیۆن دینار بۆ لێدانی پێنج بیر.

هەروەها ناردنی لیژنەیەک لە وەزارەتی تەندروستی لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت، ناردنی دوو پزیشکی بێهۆشکەر بۆ نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی، گۆڕینی پلەی شرەوانی کفری لە پلە دوو بۆ پلە یەک و بڕیاری دانانی کارگەی کەچ لە کفری.

هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد،  نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێێ راگەیاندین، کە وەفدێکمان سەردانی ئەنجومەنی وەزیران دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەشی دووەمی دواکارییەکانی خەڵکی کفری.

رۆژی سێشەممە 18ـی تەمموزی 2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا بڕیارەکانی سەرۆکی حکومەتی کوردستانی بۆ خەڵکی کفری ئاشکراکرد و سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمیشی راسپارد بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە کارگێرییەکانی خەڵکی ئەو قەزایە.

لەبارەی جێبەجێکردنی داواکارییە تەندروستییەکانی خەڵکی کفری، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دابوو، لیژنەیەک لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی وەزیری تەندروستی پێکدەهێندێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی کفری و چارەسەرکردنی کەموڕییەکانی ناوچەکە لە رووی تەندروستییەوە.

رۆژی دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یەکەم داواکاری خەڵکی کفری جێبەجێکرد کە ‎ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتیی شارەوانی کفری بوو، بۆ ئەو مەبەستەش، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بەرزکردنەوەی داواکارییەکەیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێی ماددەی دەیەم لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە 6 ساڵی 1993، رەزامەندییان نیشاندا بۆ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتی شارەوانی کفری لە پلە دوو بۆ پلە یەک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە.

رۆژی یەکشەممە 16ـی تەمموزی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "هاووڵاتیانی خۆشەویستی کفری، سڵاو و رێزم هەیە بۆتان. لە داواکارییەکانتان ئاگادارم و  بە دەستم گەیشتوون، بڕیارم داوە لیژنەیەکی تایبەت لە نوێنەرانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێکبهێنرێت و بەزوویی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانتان بکرێت. دڵنیابن ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتتان درێغی ناکەین و بە رۆحیەتێکی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم".