نۆ ساڵ بەسەر یەکەم تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش تێدەپەڕێت

ژمارەیەک پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ
ژمارەیەک پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ

K24 - هەولێر

نۆ ساڵ بەسەر یەکەم تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش تێدەپەڕێت، کە لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەو ئەفسانەیە شکێنرا، ئەمە لە کاتێکدابوو کە چەکدارانی داعش بەردەوام هێرشی فراوانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستپێکردبوو، هێرشەکانی داعش گەیشتبووە نزیک هەولێر، بەڵام پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی ئەفسانەی داعشی لە گوێرەوە تێکشکاند ئەمەش دەرگای بۆ پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ کردەوە.

هێزی پێشمەرگە بۆ یەکەمجار لە سنووری ناحیەی گوێڕ لە نزیک مۆڵگەی داعش لە هەولێرەوە ئەفسانەی خەلافەتی داعشی تێکشاند، کە ببووەوە مەترسی بۆ سەر شاری هەولێر و هەموو کوردستان.

لیوا عەلی چەمچەماڵی، جێگری فەرماندەی 50ـی گەرمیانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان باسی چیرۆکی یەکەم چرکەی تێکشکانی داعش لە گوێڕ دەکات و دەڵێت: "کاتێک هێزی پێشمەرگە بەو پەڕی باوەڕ بە خۆبوونەوە هێرشی بۆ سەر داعش دەستپێکرد چەکدارەکانیان خۆیان نەگرت و رایانکرد، دوای ئەو سەرکەوتنە سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە فەرماندە و پێشمەرگەکان کرد".

لەو هێرشە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بێ زیان بوو تا گەیشتە ناو گوێڕ، لە زۆربەی گەڕەک و ماڵەکانی گوێڕ  پێشمەرگە شەڕی دەستەو یەخەی دەکرد، ئەو کات جیهان ترسی گەورەی لە داعش هەبوو، هێزی پێشمەرگە بە تێکشاندی  داعش مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان و جێهانیش کەم کردەوە، تێکشکاندنی داعش لە سنووری گوێڕ دەرگای بۆ هێرشی فراوان لەلای پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە.

عەقید فەرهاد محەمەدئەمین، بەرپرسی جموجوڵی لیوای 50ـی گەرمیان، دەڵێ: "لە دوو قۆڵەوە هێرشمان بۆ سەر داعش دەستپێکرد و توانیمان لە ماوەیەکی کەمدا داعش تێک بشکێنین".

یەکێکی دیکە لە فەرماندە بەشداربووەکانی شەڕی گوێڕ بۆ راوەدونانی چەکدارانی داعش، موقەدەم کەریم غەریب جێگری فەوجی یەکی فەرماندەیی گەرمیانە، دوای تێکشکاندنی داعش لەو میحوەرە، پێشمەرگە لە هەموو میحوەرەکانی دیکەش ورەی بەرز بووەوە و هەر ئەو رۆژەش مەخموور رزگار کرا".

دوای نۆ ساڵ  بەهۆی رووداووەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، بۆشاییەکی ئەمنی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە، کە داعش ئەم بۆشاییە دەقۆزێتەوە بۆ خۆرێکخستنەوە و هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەڵام پێشمەرگە وەک ئەو کات لولەی تفەنگەگەی رووی لەو بۆشاییە ئەمنیەیە.