نیویۆرک تایمز: ئەمەریکا بۆ ئازادکردنی پێنج بەندکراو شەش ملیار دۆلار دەداتە ئێران

ئەمەریکا و ئێران لەسەر ئازادکردنی پێنج بەندکراو رێککەوتون
ئاڵای ئەمەریکا و ئێران
ئاڵای ئەمەریکا و ئێران

K24 – واشنتن

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز رایگەیاند، ئەمەریکا و ئێران لەسەر ئازادکردنی پێنج بەندکراو رێککەوتون، ئەمەریکا لە بەرامبەر ئازادکردنیان شەش ملیار دۆلار دەداتە ئێران.

جێرد جەنسەر، پارێزەری بنەماڵەی یەکێک لە گیراوەکان بە ناوی سیامەک نمازی لەم بارەوە گوتویەتی: "ئەو کەسانەی لەلایەن ئێرانەوە دەستگیرکراون بریتین لە لە سیامەک نەمازی تەمەن 51 ساڵ، عیماد شەرقی تەمەن 58 ساڵ، موراد تاهبازی تەمەن 67 ساڵ، هاووڵاتییەکی دیکە تائێستا ناوەکەی بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەش بەریتانیا لەناو گیراوەکاندا هەیە.

لەوبارەوە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز نووسیویەتی: "واشنتن لەگەڵ تاران بۆ ئازادکردنی پێنج گیراوەکە گەیشتوونەتە رێککەوتن و لە بەرامبەردا ئەمەریکا بڕیاری داوە شەش ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت بدرێتەوە بەو ئێران".

میدیای فەرمیی ئێران لە زاری نێردەی ئێران لە  رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستیان کردەوە، "بەندکراوە ئەمەریکییەکان لە بەندیخانەی ئەوین راگوێزراون و  رێککەوتنەکە بە نێوەندگیریی لایەنێکی سێیەم هاتووەتە ئاراوە".

لەگەڵ ئەوەی بەرێوبەرایەتی بایدەن خۆیان لە وەڵامدانەوەی پرسیارگەلی پەیوەندیدار بەم بابەتەوە دەبوێرن، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری رێککەوتنەکە ئاشکرایان کردووە، کە واشنتن 6 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران لە کۆریای باشوور بۆ هەژماری بانکی لە وڵاتی قەتەر دەگوازێتەوە کە تاران دەتوانێ لەو پارەیە بۆ مەبەستی مرۆیی و کڕینی داو و دەرمان سوودی لێوەرگرێت.

کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو شەش ملیارد دۆلارەی لە رێگەی فرۆشتنی نەوت دەستکەوتبوو، بەڵام کۆریاری باشوور لەبەر  ئەو سزایانەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەسەر ئێرانیدا سەپاندبوون ئامادە نەبوو پارەکە بدات بە ئێران.

ساڵی 2015 لە رووداێکی هاوشێوەدا باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا  400 ملیۆن دۆلاری لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک بەندکراوی ئەمەریکی دایە ئێران، ئەم هەنگاوەش رووبەڕووی رەخنەی کۆمارییەکان بوویەوەو پێیان وایە دیموکراتەکان بەو جۆرە سیاسەتە لەگەڵ تاران بوونەتە هۆکاری لاوازی ئەمەریکا و لە بنەڕەتدا کردەوەکە بە باجدان و ملکەچ کردن بۆ تاران ناوزەد دەکەن.