وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاگادارییەک بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان بڵاودەکاتەوە

پڕۆژەیەکی یەکەی نیشتەجێبوون - ئەرشیف
پڕۆژەیەکی یەکەی نیشتەجێبوون - ئەرشیف

K24 – هەولێر:

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لینکی نوێی بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان بڵاوکردەوە.

رۆژی هەینی (11ـی ئابی 2023)، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هاووڵاتییان بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان، دەکرێت لەم لینکانەوە داواکاریەکانیان پێشکەش بکەن

https://kamdaramet.com/

https://residential.emocah.com/

هەروەها روونیکردووەتەوە، لەبەر هەندێکی هۆکاری سەلامەتی و هۆکاری زۆری لۆد سیستمی سەرەکی گواستراوەتەوە بۆ ئەم لینکە:

https://kamdaramet.com/

رۆژی سێشەممە (8ـی ئابی 2023)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی فۆڕمی نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان بەبێ پێشەکی و بە قیستی 25 ساڵ راگەیاند.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە گوتیش، لە ماوەی سێ مانگدا هاووڵاتییان دەتوان فۆڕمەکانیان پێشکەش بکەن، دواتر لیژنە لە سنووری ناحیە و قەزا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکدەهێنرێ بۆ دیاریکردنی خاڵەکان.

بەگوێرەی مەرجەکان، ئەو کەسەی فۆڕم بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون پێشکەش دەکات دەبێ تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵ بێت و خێزاندار بێت.

پێشکەشکردنی فۆڕم بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت و لە سەرەتادا، داواکار دەبێ مەرجەکان بزانێت، هەر کەسێک رازی نەبێت بەو مەرجانە بۆی نییە سوود لەو سیستەمە وەربگرێت و داواکاری پێشکەش بکات.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاندووە، بڕیاریانداوە هیچ بارگرانیەک بۆ کەس دروست نەبێت و هیچ بەڵگەیەک داوا نەکات، بەڵام پاشان هەر کەسێک بەپێی ئەو مەرجانەی داواکراوە توانی خاڵی پێویست بەدەست بهێنێت و ببێتە خاوەن یەکەیەک لەو یەکە نیشتەجێبووانەی دیاریکراون ئەوا مەرجە هەموو زانیارییەکان بسەلمێنێت کە لەم فۆڕمی داواکارییەدا تۆماری کردووە.