تەرمی ئەو سێ گەنجەی لە دارستانەکانی بولگاریا گیانیان لەدەستدا گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

K24 – هەولێر:

لەسەر ئەرکی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەرمی سێ گەنجی دەڤەری دهۆک و سلێمانی کە مانگی رابردوو لە دارستانەکانی بولگاریا گیانیان لەدەستدابوو گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.

ئێوارەی رۆژی هەینی (11ـی ئابی 2023) تەرمی هەر یەک لە دیندار دلێر محەممەد (لەدایکبووی ساڵی 2005) و  رێکەوت عەبدولباقی فەتحی (لەدایکبووی ساڵی 2000) کە هەردووکیان خەڵکی سنووری پارێزگای دهۆکن، لەگەڵ زانیار عەلی کەریم (لەدایکبووی ساڵی 2005) خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو سێ گەنجە کە دارستانەکانی بولگاریا گیانیان لەدەستدابوو، لەسەر ئەرکی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو سێ گەنجە کوردە رووننەبووەتەوە، بەڵام مانگی رابردوو لەگەڵ ژمارەیەک لە گەنجانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆچکردن بەشێوەی نایاسایی بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، دابڕان و پەیوەندییان لەگەڵ کەسوکاریان پچڕا و دواتر تەرمەکانیان دۆزرایەوە.

بەگوێرەی ئامارەکان لە ماوەی ساڵانی 2015 تاوەکو ئێستا 319 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە رێگەی کۆچکردنی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە و 236 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.