شارەزایەکی کەشناسی وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلی گەرما ئاشکرادەکات

پلەکانی گەرما لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دادەبەزن
پلەکانی گەرما لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دادەبەزن

K24 - هەولێر

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە دوای 14ـی ئەم مانگە بەدواوە، ئەم گەرما توندەی هەیە، نامێنێت و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتیی روو لە دابەزین دەکەن. ئاماژە بەوەش دەدات، لەگەڵ هاتنی شەپۆلی گەرما، رێژەیەکی زۆری شێ-ش گەیشتووەتە ناوچەکە، ئەمەش وایکردووە زیاتر هەست بە گەرما بکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 12ـی ئابی 2023، محەممەد کەمال، شارەزای بواری کەشناسی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، تا رۆژی دووشەممە 14ـی ئابی 2023، بەردەوام دەبێت و، لەو رێککەوتە بەدواوە "ئەم گەرما توندەی ئێستا هەیە، نامێنێت".

ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی، هۆکاری هاتنی ئەم شەپۆلەی گەرما بۆ "هاتنی بارستە هەوایەکی گەرم لە باشووری ئەفریقیا و زەریای هیندییەوە بۆ ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان" گەڕاندەوە و دەڵێت، "چەقی کاریگەریی شەپۆلەکە لە دوو رۆژی رابردوودا دەستیپێکردووە و تا 14ـی مانگ بەردەوامی دەبێت".

بەگوتەی محەممەد کەمال، "لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلە گەرمایەش، رێژەیەکی زۆری شێ گەیشتووەتە ناوچەکە، ئەمەش وایکردووە کەشەکە زیاتر تاقەتپڕۆکێن بێت، واتا زیاتر هەست بە گەرمایەکی بە تین بکرێت، جگە لەمەش پلەکانی گەرماش بەرزبوونەتەوە".

وەکو ئەوەی محەممەد کەمال باسی کرد، "دوای 16ـی ئەم مانگە پلەکانی گەرما دادەبەزن، بەڵام بوونی رێژەیەکی زۆری شێ وادەکات هەر هەست بە گەرما بکرێت. لە 26ـی ئەم مانگە بەدواوە ئەو گەرما تاقەتپڕۆکێنەی هەیە، لاواز دەبێت و لەو بەدواوە پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتیی نزم دەبنەوە. لەلایەکی دیکەوە بەهۆی ئەوەی رۆژ کورت دەبن و شەویش درێژ، لە داهاتوودا کەمتر هەست بە گەرماکە دەکرێت".

لەبارەی ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا بەرزترین پلەی گەرما لە چ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان تۆماردەکرێت، ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی ئاماژەی بەوە کرد، پێشبینی دەکەن، "بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان و ناوچەکانی باشووری گەرمیان تۆماربکرێت. وەکو کفری، جەبارە و بەتایبەتی خانەقین، کە دوێنی هەینی بەرزترین پلەی گەرمای تۆمارکرد و گەیشتە 53 پلەی سیلیزی".

محەممەد کەمال هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە سنووری گەرمیان و خانەقین، بۆ "هەڵکەوتەی جۆگرافیای ناوچەکە، کە نزمە لەسەر ئاستی رووی دەریا" و بوونی ژمارەیەکی زۆری دارخورما، "کە وادەکات ناوچەکە شێداربێت و هەست بە گەرمای زیاتر بکرێت" گەڕاندەوە.

رۆژی هەینی 11ـی ئابی 2023، بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوێنێ هەینی "گەرمترین رۆژی ئەمساڵ بووە تاوەکو ئێستا". روونیشیکردەوە، "لە گەرمیان و هەولێر و کەرکووک بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراوە و ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا پلەی گەرمی لەو ئاستە تۆمارنەکراوە".