نرخی زێڕ بۆ سێیەمین هەفتە لەسەر یەک دابەزین تۆماردەکات

نرخی زێڕ
نرخی زێڕ

K24 - هەولێر

بەهۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و قازانجی قەواڵەکانی ئەمەریکا، نرخی زێڕ بۆ سێیەمین هەفتە لەسەر یەک دابەزینی تۆمارکرد.
لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی ئۆنسێک زێڕ بە رێژەی سەدا 1.5 بۆ ئاستی 1913 دابەزی.

هاوکات بڵاوبوونەوەی چەندین داتای دیکەش کاریگەری لەسەر بازاڕی زێڕ هەبوو بە تایبەت، دوای ئەوە وەزارەتی کاری ئەمەریکا رایگەیاند، پێنوێنی نرخەکانی بەرهەمهێنەران بە رێژەی سەدا 0.3 لە مانگی رابردوودا بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.

هاوکات پێنوێنی دۆلاریش بەرامبەر سەبەتەی شەش دراوە سەرەکییەکە بۆ چوارەمین هەفتە لەسەر یەک بەرزبووەوە، ئەوەش وایکرد تێچوونی کڕینی زێڕ بۆ هەڵگری دراوەکانی دیکە زیاتر بێت.

لەلایەکی دیکەوە، هەفتەی رابردوو نوێترین داتای نرخەکانی بەکاربەری ئەمەریکا بڵاوکرایەوە، کە تێیدا هاتووە لە مانگی تەمموزدا بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەنجوومەنی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا جارێکی دیکە پەنا بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سوو ببات.

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی زێڕ بەم شێوەیە:-

مسقاڵێك زێڕی عەیار 24 = 480,000

مسقاڵێك زێڕی عەیار 22 = 440,000

مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 = 420,000

مسقاڵێك زێڕی عەیار 18 = 360,000