قوبرس بەدەیان پەنابەری سووری دەگەڕێنێتەوە لوبنان

K24 - هەولێر

نووسینگەی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە رادەبەدەر نیگەرانە لە بارەی گەڕانەوەی زیاتر لە 100 هاوڵاتی سووری لە قوبرسەوە بۆ لوبنان بەبێ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا پێویستیان بە پاراستنی یاسایی هەیە یاخود نا، چونکە رەنگە دیپۆرت بکرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

نووسینگەی UNHCR لە قوبرس رایگەیاند، دیپۆرتکردنەوە و گواستنەوە لە نێوان وڵاتان بەبێ گەرەنتی یاسایی و رێکاری بۆ ئەو کەسانەی کە رەنگە پێویستیان بە پاراستنی نێودەوڵەتی هەبێت، پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی و ئەوروپایە.

 نوسینگەکە بە ئاژانسی ئاسۆشێتد پرێسی راگەیاندووە، ئەم جۆرە گواستنەوانە دەکرێت ببێتە هۆی گەڕانەوەی خەڵک بۆ وڵاتێک، کە لەوانەیە رووبەڕووی دەستگیرکردن یان ئەشکەنجەدان و سزای دڕندانەی نامرۆڤانە یان سووکایەتیکردن ببنەوە.

هەر 109 کۆچبەرەکە لە 29ی تەمموز تا 2ی ئاب بە سێ بەلەمی جیاواز گەیشتبوونە قوبرس پێش ئەوەی بە بەلەم بگەڕێنرێنەوە لوبنان بە یاوەری پۆلیسی قوبرس.

لەوبارەیەوە حکومەتی قوبرس رایگەیاندووە، ئەم جۆرە گواستنەوانە بە شێوەیەکی یاسایی بەگوێرەی رێککەوتنێکی دوولایەنە روودەدەن کە لەلایەن وڵاتی دوورگەکە و لوبنانی دراوسێیەوە واژۆکراوە، لە ساڵی 2004.

لویسوس هادجیڤاسیلۆ، بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی قوبرس بە ئاژانسی ئاسۆشێتد پرێسی گوت: رێککەوتنەکە لوبنان پابەند دەکات بە رێگریکردن و راگرتنی دەروازە سنوورییە نایاساییەکان و کۆچی نایاسایی ئەو کەسانەی کە لوبنان بەجێدەهێڵن.

هاجیڤاسیلۆ دەشڵێت: ئەو کەسانە گەڕێنراونەتەوە بۆ لوبنان، بە سەلامەت دادەنرێت و لەوێش سوودمەند دەبن لەو هاوکارییانەی کە دەدرێنە سەدان هەزار پەنابەر لەو وڵاتە.

نزیکەی 805 هەزار پەنابەری سووری لە لوبنانن کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکراون، بەڵام بەرپرسان مەزەندە دەکەن کە ژمارە راستەقینەکە زۆر زیاتربێت و لە نێوان یەک ملیۆن و نیو بۆ دوو ملیۆن پەنابەردابێت.