سەردانەکەی جێگری سەرۆکی تایوان بۆ ئەمەریکا پەکین توڕە دەکات

جێگری سەرۆکی تایوان ویلیام لای لە ئەمەریکا
جێگری سەرۆکی تایوان ویلیام لای لە ئەمەریکا

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی تایوان ویلیام لای، بەسەردانێکی فەرمی لە ئەمەریکایە، ئەم سەردانەش بەرپرسانی پەکینی نیگەران کردووە و ئیدانەیان کردووە، هەروەها ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ئەوەی سەربازانی چین  چالاکیی زیاتر لە دەوروبەری ئەو دوورگەیە ئەنجام بدەن.

ڕۆژی شەممە، ویلیام لای، جێگری سەرۆکی تایوان و یەکەم کاندیدی سەرۆکایەتی تایوان لە هەڵبژاردنی مانگی یەکی داهاتوودا، بەسەردانێک چووە پاراگوای بۆ مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی ئەو وڵاتە، لەگەڕانەوەیدا سەردانی ئەمەریکای کرد، کە ئەمەش بووە هۆ توڕەبوونی بەرپرسانی چین.

لای خۆییەوە واشنتن رایگەیاند: ئەم جۆرە سەردانانە رۆتینین و هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی چین رێوشوێنی ئیستفزازی بگرێتەبەر، بەڵام پەکین بە تووڕەییەوە وەڵامی دایەوە کە بە نیشانەیەکی دیکەی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ تایوان دەیبینێت، کە چین بە خاکی خۆی دەزانێت.

بەرپرسانی تایوان دەڵێن: چین وەستانی لای لە ئەمەریکا وەک بیانوویەک بەکاردەهێنێت، بۆ دەستپێکردنی مانۆڕی سەربازی، پێدەچێت هەفتەی داهاتوو لە نزیک تایوان بۆ ترساندنی دەنگدەران پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو مانۆڕ ئەنجام بدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە رۆیتەرزی راگەیاند، کە هاوتەریب لەگەڵ سەردانەکانی پێشووی هاوشێوە، لای لەگەڵ سەرۆکی ئینستیتیوتی ئەمەریکی کە بنکەکەی لە ڤێرجینیایە لە تایوان کۆدەبێتەوە، کە رێکخراوێکی قازانج نەویستە لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە بەڕێوەدەبرێت و پەیوەندی نافەرمی لەگەڵ تایواندا دەپارێزێت.