ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای لاوانی دەرکرد

K24 – هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای لاوانیدا و رایگەیاند، 60%ـی دانیشتووانی عێراق لە خوار تەمەنی 25 ساڵیدان و دەبێت سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت.
رۆژی شەممە (12ـی ئابی 2023)، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆککوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی جیهانیی لاواندا، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای لاوان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری وەرزش و لاوانیش دەبێتە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، بە ئەندامییەتی هەر یەکە لە وەزیرانی پلاندانان، دارایی، کاروباری کۆمەڵایەتی، پەروەردە، خوێندنی باڵا و رۆشنبیری دەبێت.
هاوکات لە رۆژی جیهانیی لاواندا، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازی لە نوێنەری لاوانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کرد و رایگەیاند، 60%ـی دانیشتووانی عێراق تەمەنیان لەخوار 25 ساڵیدایە، ئەمەش بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیە و پێویستە لە رێگەی سیاسەت و پلانی گونجاو خزمەت بە توێژی لاوان بکرێت.
لە پەیامێکدا بۆ لاوانی عێراق سوودانی گوتی، "وەک بۆ هەموو لایەک روونە، عێراق وڵاتێکی لاوە، بە دڵنیاییەوە ئەمەش پێویستی بە پلاندانانی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی باشترین وەبەرهێنان لە توانای لاوانماندا بکەین، ئەوەی کە 60%ـی دانیشتووان لە خوار تەمەنی 25 ساڵیدان، ئێمە دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورە، بۆیە پێویستە پلان و بەرنامە و سیاسەتی گونجا و پێشکەش بکەین خزمەت بەم توێژە بکات".
هەر ئەمڕۆ شەممە (12ـی ئابی 2023)، جینین هێنس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی لاوانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد لاوان 60%ـی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن، بۆیە گرنگە بەشدارییان پێبکرێت لە کایەکانی وڵات و گوتیشی، لە داهاتوودا پێشنگایەتی وڵات دەگرنە دەست و دەبێت دەنگیان بیستراو بێت.