لە عێراق قەدەغەی سەر تەلەگرام هەڵدەگیرێت

تەلەگرام
تەلەگرام

K24 – هەولێر:

وەزارەتی گەیاندنی عێراق رایگەیاند، لە سبەی یەکشەممەوە قەدەغەی سەر بەکارهێنانی تەلەگرام لە عێراق هەڵدەگیرێت.

رۆژی شەممە (12ـی ئابی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی گەیاندنی عێراق ئاشکرایکرد، لە سبەی یەکشەممەوە قەدەغەی سەر بەکارهێنانی تەلەگرام لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق هەڵدەگیرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و دوای بەدەمەوەهاتنی کۆمپانیای ئەپلیکەیشنی تەلەگرام بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی لایەنە ئەمنییەکان بۆ ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی داتا و زانیاری هاووڵاتییان دەبەن و ئامادەیی تەواوی خۆیان نیشاندا بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و چەند کەناڵێکی فەرمی خۆی بۆ پەیوەندییکردن لەگەڵ عێراق بناسێنێت.

وەزارەتی گەیاندنی عێراق روونیکردووەتەوە، کە ئەوان دژی ئازادی رادەربڕین نین بەڵام سوورن لەسەر ئەوەی هەموو کۆمپانیاکان کە خاوەنداری ئەپلیکەیشنەکانی پەیوەندییەکان دەکەن رێز لە یاسا و ئاسایشی وڵات و زانیاری بەکارهێنەرانی بگرن.

رۆژی (6ـی ئابی 2023) وەزارەتی گەیاندنی عێراق لەبارەی بلۆککردنی ئەپڵیکەیشنی تەلەگرام رایگەیاند، بڕیاریاندا بە بلۆككردنی ئەپلیکەیشنی تەلەگرام لە عێراق، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و داتا و زانیارییە کەسییەکان.

هەروەها لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەشکردبوو، بڕیاری بلۆککردنی تەلەگرام بەپێی رێنماییەکانی دەسەڵاتە باڵاکانی تایبەت بە ئاسایشی نیشتمانی بووە، بەو پێیەی دەرکەوتووە کە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکە زانیاریە کەسییەکانی هاووڵاتییان دزەیپێکراوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ساڵی 2022 لە عێراق، 48 ملیۆن و 400 هەزار بەکارهێنەر بووە. لەم ژمارەیە 18 ملیۆن کەس بەکارهێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، 16 ملیۆن تەلەگرام، 15 ملیۆن ئینستاگرام، 14 ملیۆن سناپچات و توێتەریش ملیۆنێک و 900 هەزار بەکارهێنەری هەبووە، کە بەراورد بە ساڵی 2021، ژمارەی بەکارهێنەران نزیکەی 25 ملیۆن کەس بووە لە 13.4% زیادیکردووە.

تەلەگرام تۆڕێکی کۆمەڵایەتی پەیوەندیکردنە، ساڵی 2013 دروستکراوە و تا ساڵی 2022 زیاتر لە 600 ملیۆن بەکار‌هێنەری هەبووە و چاوەڕێدەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی بەکارهێنەرانی ئەپڵیکەیشنەکە بگاتە سەرووی ملیارێک بەکارهێنەر.