رێکخراوی یەکێتی قوتابییان یەکەمەکانی شاری کەرکووک خەڵات دەکات

K24 – کەرکووک:

لەدوای بڵاوبوونەوەی نمرەکانی دواقۆناغی ئامادەیی، لقی کەرکووکی رێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، قوتابییە یەکەمەکانی خوێندنی کوردی شاری کەرکووک خەڵات دەکات.

ئەمڕۆ شەممە (12ـی ئابی 2023) شڤان عەبدولڕەحمان، بەرپرسی لقی کەرکووکی رێکخراوی یەکێتی قوتابییانی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەک لقی کەرکووکی یەکێتی قوتابییانی کوردستان ساڵانە سەردانی ئەو قوتابییانە دەکەن و کە نمرەی بەرز بەدەست دەهێن و یەکەم دەبن لەسەر ئاستی شاری کەرکووک.

بەرپرسی لقی کەرکووکی یەکێتی قوتابییانی کوردستان، هەروەها راشیگەیاند، پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی سەرجەم قوتابیانی دەرچووی دوای قۆناغی ئامادەیی شاری کەرکووک دەکەن و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن، هاوکات گوتیشی: بەردەوام دەبین لە پاڵپشتییان.

ئاماژەی بەوەشدا، "نەیارانی ئێمە بەوە ناسراون کە دژایەتی زمانی کوردی دەکەن، خۆشبەختانە لە رێگەی کۆمەڵێل لە قوتابییە یەکەمەکانی خوێندنی کوردی لەسەر ئاستی شاری کەرکووک، وەڵامیان دەدەنەوە بە پەروەردە، بە زانست و بە خوێندن.

لەلایەن خۆیەوە، سانا محەممەد، یەکێک لە قوتابییە یەکەمەکانی خوێندنی کوردی شاری کەرکووک، کە کۆنمەری 99.43 بوو، بۆ کوردستان24، گوتی: "بەدەستهێنانی ئەم پلەیە بۆمن شانازییەکی زۆر گەورەیە و هەوڵ و ماندوبوونی 12 ساڵی منە".

لەبارەی هەوڵ و کۆششەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئەم نمرەیە، ئەو قوتابییە یەکەمە ئاماژەی بەوەدا، هەوڵیدەدا هەمیشە کەسێکی بە پلان بێت و  پلانەکانی وەک و خۆی جێبەجێ بکات، "ئەوەی لەسەر من بوو هەوڵی خۆمدەدا ئەوی دیکەم جێهێشتبوو بۆ خودای گەورە کە نزاکانم گیرا بکات، سوپاس بو خوا ئەو نمەرەیەم بەدەستهێنا کە هەوڵم بۆی دابوو".

سانا محەممەد، گوتیشی: "من هیچ کاتێک  حیسابی ئەوەم نەکردووە کە چەند کاتژمێر بخوێنم، ئەوە شتێکە لای من پێوەر نییە بۆ بەدەستهێنانی نمەری بەرز".

رۆژی هەینی (11ـی ئابی 2023) ناوی دەرچووە یەکەمەکانی دوا قۆناغی ئامادەیی خوێندنی کوردی شاری کەرکووک بۆ بەشەکانی (زانستی - زیندەیی) و (زانستی - پراکتیک) و (وێژەیی)، راگەیاندرا.

هاوکات وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، "بە نوێنەرایەتی "مەسرور بارزانی" سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە پیرۆزبایی جەنابیانمان گەیاندە قوتابیە یەکەمەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەمی بەشەکانی زانستی و وێژەیی ) خوێندنی کوردی لە کەرکووک. پیرۆزبایی لە هەموو دەرچووان دەکەین، بە هیوای ئەنجامی باشتر بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە خولی دووەم تاقیکردنەوە دەدەنەوە".

ناوی یەکەمەکان زانستی – زیندەیی

1- سامان محەممەد رەزا / ئامادەیی رۆشنبیری بە کۆنمرەی (696)

2- سانا محەممەد ئەحمەد/ ئامادەیی هۆزانى کچان بە کۆنمرەی(696)

3- فاتیمە دڵشاد فەهاد/ دواناوەندی سۆلاف بە کۆنمرەی (695)

4- بەناز قانع حسێن/ ئامادەیی شنە بە کۆنمرەی (694)

ناوی یەکەمەکان زانستی (پراکتیکی)

1- ئالان کاوێز ئەحمەد/ ئامادەیی قازی محەممەد بە کۆنمرەی (676)

2- شوان حسێن شوکر/ ئامادەیی کوردستان بە کۆنمرەی (649)

3- مەحموود ئەحمەد جەلیل/ ئامادەیی کوردستان بە کۆنمرەی (609)

ناوی یەکەمەکانی وێژەیی

1- ئیڤان دڵگەش تەیفور/ ئامادەیی هەورامان بە کۆنمرەی (670)

2- سۆزیار سەردار محەممەد/ دواناوەندیی ژاڵە بە کۆنمرەی (666)

3- شازادە یوسف عەبدوڵڵا/ دواناوەندیی میناخان بە کۆنمرەی (661)

رۆژی هەینی (11ـی ئابی 2023) ئەنجامی کۆتایی خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی دواقۆناغی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە راگەیەندرا.