ئاسیاسێڵ: یەکێک لە کوژراوەکانی رووداوەکەی پێنجوێن کارمەندی ئێمە بوو

K24 – هەولێر:

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، رایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلەی کە دوێنێ لە رووداوێکدا بۆردوومانکرا شۆفێرەکەی لە شاری مووسڵ فەرمانبەری ئاسیاسێڵ بوو، لەوبارەیەوە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەکەیان دەکات.

ئەمڕۆ شەممە (12ـی ئابی 2023)، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە،" دوێنێ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان نزیک رێگای ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی کرد کە سێ کەسی تێدابوو، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە "حەسەن ئەحمەد کشمولە" فەرمانبەری کۆمپانیاکە بوو لە شاری مووسڵ.

لە رایگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە " حەسەن ئەحمەد کشمولە" هاتبوە سەردانی کچەکەی بکات لە سنووری باشماخ، کە قوتابییە لە کۆلێژی پزیشکی شاری سنە و دەیوسیت بیهێنێتەوە بۆ شاری مووسڵ، دوو کەسەکەی دیکەیان باوک و کچێک بوون بە ناوی " زیاد ئەحمەد خدر" کچەکەشی لەدایکبووی ساڵی 2006 بوو، دانیشتووی گەڕەکی رەشیدییەن لە شاری مووسڵ، بۆ هەمان مەبەستی " حەسەن ئەحمەد کشمولە" کە دراوسێیان بووە  ویستبوویان کچەکەیان بهێننەوە.

کۆمپانیای ئاسیاسێل، لە راگەیاندراوەکەدا، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی قوربانییانی ئەم رووداوە دەکات، بە تایبەت خانەوادەی کارمەندەکەیان " حەسەن ئەحمەد کشمولە" کە ساڵانێکی زۆر لە کۆمپانیاکە کاردەکات و بە کەسێكی دڵسۆز ناوی دەبات.

رۆژی هەینی (11ـی ئابی 2023)، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەسەر رێگای پێنجوێن، ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج کە سێ کەسی تێدابووە و لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە سووتا و هەرسێ سەرنشینەکەشی گیانیان لەدەستداوە.

لەلایەن خۆیەوە، هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلە لە سلێمانییەوە بەڕێوەبووە بۆ پێنجوێن و گومان دەکرێت کە هەر سێ کەسەکە چەکداری پەکەکە بن