ئێران پێشبینی دەکات هەناردەی بۆ عێراق بگاتە 12 ملیار دۆلار

.
.

K24 - هەولێر

ژووری بازرگانی ئێران-عێراق پێشبینی دەکات، قەبارەی هەناردەکردنی ئێران بۆ عێراق لە ماوەی ساڵی 2023دا بگاتە 12 ملیار دۆلار.

حەمید حوسەینی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ژووری بازرگانی ئێران-عێراق، بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، بە سەرنجدان بەو هەلومەرجەی هەیە، پێشبینی دەکرێت ئاستی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لەمساڵدا ریکۆردێکی نوێ بۆ 12 ملیار دۆلار بەرزببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرچەندە قەبارەی گشتی  هەناردەکردن لە ئێرانەوە لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بە رێژەی 7.97% کەمیکردووە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو، بەڵام قەبارەی هەناردەکردنمان بۆ عێراق زیادیکردووە".

ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبەبردنی ژووری هاوبەشی ئێران و عێراق، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هەناردەکردنمان بۆ عێراق لە ساڵی رابردوودا دوو ملیار و 398 ملیۆن دۆلار بووە و ئەم رێژەیەش لە ماوەی ئەمساڵدا زیادیکردووە و گەیشتووەتە دوو ملیار و 927 ملیۆن دۆلار".

حوسێنی راشیگەیاند: "بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق بودجەی خۆی پەسەند کردووە، پڕۆژەی زۆر لە عێراق دەستیان پێکردووە، بەمەش پێشبینی دەکرێت بەم نزیکانە هەناردەی ئێران بۆ عێراق زیاد بکات و بگاتە ئاستی 12 ملیاردۆلار لە ساڵی 2023دا".\

 

ئا: کاوار ساڵح