دوایین زانیارییەکان لەبارەی کوژرانی کاندیدێکی سەرۆکایەتی ئیکوادۆر

ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی تۆمەتبارەکە - وێنە: AFP
ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی تۆمەتبارەکە - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

بە ئەمادەبوونی چوار هەزار سەرباز و هێزی ئەمنی، تۆمەتباری کوژرانی کاندیدێکی سەرۆکایەتی ئیکوادۆر بۆ زیندانییەکی دیکە گوزرایەوە.

وەزارەتی ناوخۆی ئیکوادۆر بڵاویکردەوە، لە پرۆسەی گواستنەوەی خۆسیە ئەدۆڵفۆ ماسیاسی سەرکردەی یەکێک لە گەورەترین گرووپە چەتەکان لە زیندانی گوایاکیلەوە بۆ شوێنێکی پارێزراوتر، چوار هەزار سەرباز و هێزی ئەمنی بەشدارییان کردووە.

لەکاتی گواستنەوەی ئەو سەرکردەیەی گرووپە چەتەکەندا، سەرجەم زیندانیەکانی دیکە جلوبەرگەکانیان لابرا و لەسەر زەوی پاڵخران، بەمەبەستی بەڕێوەچوونی گواستنەوەی خۆسیە ئەدۆڵفۆ بەسەلامەتی.

ئەو سەرکردەیەی گرووپە چەتەکان، پێشتر هەڕەشەی کوشتنی لە فێرناندۆ ڤیڵاڤیسینسیۆی کاندیدی تیرۆرکراوی سەرۆکایەتی ئیکوادۆر کردووە.

رۆژی پێنجشەممە (10ـی ئابی 2023)، لە شاری کویتۆی ئیکوادۆر لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر گردبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئیکوادۆر، فرناندۆ ڤیلاڤیسینسیۆ کوژرا کە یەکێک بوو لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و دوای ئەو رووداوەش گیێرمۆ لاسۆی سەرۆکی ئیکوادۆر بڕیاریدا بە راگەیاندنی باری نائاسایی لە وڵاتەکەی.

دواتر میدیاکانی ئیکوادۆر بڵاویانکردەوە، تەقەکەرەکە لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە دوای رووداوەکە کوژراوە و سەرۆکی ئیکوادۆریش رایگەیاندووە، هەموو ئەوانەی دەستیان لە کوشتنی ئەو کاندیدەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەبووە بە سزای یاسایی دەگەیەنێت.

بڕیارە 20ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئیکوادۆر بەڕێوەبچێت و ئەو پارتە سیاسییەی فرناندۆی کاندید کردبوو، دوای کوژرانی کاندیدەکەیان، ئەندێرا گۆنزالێز، جێگری فرناندۆی کردە کاندیدی پارتەکەی.