نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگێکی دیکە درێژکرایەوە

نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە سنووری پارێزگای هەولێر | وێنە: هۆشمەند سادق - کوردستان24
نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە سنووری پارێزگای هەولێر | وێنە: هۆشمەند سادق - کوردستان24

K24 - هەولێر

وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگێکی دیکە درێژکرایەوە. لە سنووری پارێزگای دهۆک زۆرترین ژمارەی کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدەران دەرکراوە، لە سنووری هەولێر سەدا 70ـی دەنگدەران خاوەن کارتی بایۆمەترین. ئەمە بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی ئابی 2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بە نووسراوی فەرمی هەرسێ لقی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکی کۆمیسیۆنەکەیان لە درێژکردنەوەی وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ 12ـی ئەیلوولی داهاتوو ئاگادارکردووەتەوە.

مەبەست لە درێژکردنەوەی وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران وەکو ئەوەی جومانە غەلای باسی کرد، بۆ ئەوە بوو زۆرترین هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکەن و زۆرترین کارتی بایۆمەتری بۆ ئەو کەسانە بکرێت، کە مافی دەنگدانیان هەیە. گوتیشی، زۆرترین ئاسانکاری لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بۆ دەنگدەران کراوە، بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکە بکەن.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، درێژکردنەوەی وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران تەنها پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، چونکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان لە پێشە، بەڵام وادەکە لە پارێزگاکانی عێراق  بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کۆتایی هاتووە و درێژناکرێتەوە.

هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بڕیارە لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە سەرپەرشتیی بکرێت و بەڕێوەبچێت. رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،  دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25ـی شوباتی 2024، وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.

سەدا 77ـی دەنگدەری سنووری پارێزگای دهۆک کارتی بایۆمەترییان هەیە

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی ئابی 2023، خالد عەباس، بەرپرسی لقیی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە 13ـی تەممووزەوە دەستیپێکردووە و دوێنێ شەممە دوایین وادەبوو بۆ پارێزگاکانی عێراق، بەڵام ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە ئاگادارکراونەتەوە، کە وادەکە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژکراوەتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی زۆرترین هاووڵاتیی بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

بە گوتەی خالد عەباس، لە 13ـی تەممووزی ئەمساڵەوە تا دوێنێ شەممە (12ـی ئابی 2023)، نزیکەی 25 هەزار دەنگدەری سنووری پارێزگای دهۆک سەردانی لقیی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیان کردووە و تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە. گوتیشی، لەو ماوەیەدا 52 هەزار ئاوارەی نیشتەجێی کەمپەکانی سنووری ئەو پارێزگایە تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە.

خالد عەباس ئەوەشی خستەڕوو، لە سنووری پارێزگای دهۆک 887 هەزار و 110 دەنگدەر مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان هەیە و، نزیکەی 77% دەنگدەران کارتی بایۆمەترییان بۆ کراوە، کە وەکو خۆی دەڵێت، "ئەمە زۆرترین رێژەیە لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی عێراق". جەختیشی لەوە کردەوە، هەوڵدەدەن لەماوەی ئەم مانگەدا زۆرترین کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدەران دەربکەن، "بەڵام پێویستە هاووڵاتییانیش هاوکاربن لەگەڵمان و سەردانی بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بکەن".

بەرپرسی لقیی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، نزیکەی 110 هەزار دەنگدەری نوێ ناویان زیادکراوە و دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن و دەڵێت، هەر کەسێک سەردانی بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدان نەکات و کارتی بایۆمەتری دروست نەکات، ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکات.

وەکو ئەوەی خالد عەباس باسی کرد، "لە هەموو پاریزگاکانی هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەتری دەردەکرێت، واتا دەنگدەرێک ئەگەر دەنگدانی لە بەغداد بێت و بیەوێت کارتی بایۆمەتری دەربکات و لە دانیشتووی دهۆک بێت بێت، دەتوانن لە دهۆک کارتی بایۆمەتری بۆی دەربکەن و، شوێنی دەنگدانەکەی لەبەغدا دادەنێن، کارتەکەی دەردەکات و رۆژی هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە بەغدا و دەنگی خۆی دەدات".

کارتی بایۆمەتری بۆ سەدا 70ـی دەنگدەرانی سنووری پارێزگای هەولێر  دەرکراوە

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی ئابی 2023، بۆتان شێرکۆ جاف، بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە 13ـی تەممووزەوە تا دوێنێ شەممە (12ـی ئابی 2023)، زیاتر لە 55 هەزار هاووڵاتیی سنووری پارێزگای هەولێر سەردانی بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدانیان کردووە، کە بەشێکیان شوێنی دەنگدانیان گۆڕیوە، ئەوانەی بایۆمەتریان نەبووە، بۆیان دەرکراوە و ئەوانەی کە لە دایکبووی ساڵی 2005ـیشن ناویان زیادکراوە.

لە سنووری پارێزگای هەولێر وەکو ئەوەی بۆتا شێرکۆ جاف باسی کرد، زیاتر لە ملیۆنێک و 312 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە ماوەی مانگی رابردوودا کارتی بایۆمەتری بۆ زیاتر لە 28 هەزار دەنگدەر دەرکراوە، "واتا سەدا 70ـی دەنگدەرانی سنووری پارێزگای هەولێر کارتی بایۆمەترییان بۆ کراوە و تا 12ـی ئەیلوولی داهاتوودا دەتوانین کارتی بایۆمەتری بۆ ئەو دەنگدەرانە دەربکەین، کە سەردانی بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدان دەکەن".

بە گوتەی بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، زیاتر لە شەش هەزار ئاوارەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق سەردانی بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدان کردووە و تۆماری دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە، هاوکات نزیکەی دوو هەزار کوردی ئێزدیش تۆماری دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە.

تۆماری دەنگدانی زیاتر لە 54 هەزار دەنگدەری سنووری سلێمانی نوێکراوەتەوە

بەگوێرەی ئامارەکانی لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی ئابی 2023 دەست کوردستان24 کەوتوون، یەک ملیۆن و 441 هەزار و 855 کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان هەیە و دەتوانن دەنگ دەبن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا واتا لە (13ـی تەممووزی 2023 تا دوێنێ شەممە 12ـی ئابی 2023)، 54 هەزار و 352 هاووڵاتیی سنووری پارێزگای سلێمانی سەردانی بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدانیان کردووە و تۆمارەکەیان نوێکردووەتەوە و پڕۆسەکە بەردەوامە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، زیاتر لە 200 هەزار دەنگدەری نوێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان هەیە، کە بڕیار وایە رۆژی 25ـی شوباتی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.