کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا

ئەرسەلان رەسووڵی - وێنە: رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ
ئەرسەلان رەسووڵی - وێنە: رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ

K24 - هەولێر:

کۆڵبەرێکی کورد کە خەڵکی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی ئەرسەلان رەسووڵی، لە سنووری شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

ئەم کۆڵبەرە کە تەمەنی 29 ساڵ  و خەڵکی شارۆچکەی نەڵاسی سەر بە شاری سەردەشت بووە، کاتژمێر 7ی بەیانیی ئەمڕۆ، لە سنووری هەنگەژاڵەی بانە لە لایەن چەکدارەکانی ئێرانەوە تەقەی لێ کراوە و کوژراوە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەددین ئەیوبی شاری بانە.

ژمارەیەک لە دانیشتوانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، بە رێگا سەخت و شاخاوییەکاندا دێنە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و کاری گواستنەوەی کەلوپەل دەکەن، بەڵام حکومەتی ئێران، کاری ئەو کۆڵبەرانەی بە نایاسایی و قەدەغە ناساندووە.