شاخەوان عەبدوڵڵا: لەمەوبەدوا سوپای عێراق دەستوەردان لە کاروباری جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکان ناکات

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

شاخەوان عەبدوڵڵا رایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای ماددەی 140 بڕیادرا دەستوەردانی سوپای عێراق لە کاروباری جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکان رابگیرێت و "خاوەن زەوییەکان، زەوییەکانیان بکێڵن". هادی عامریش دەڵێت، قەرەبووکردنەوەی تەواوی زیانلێکەوتووانی ماددەی 140 پێویستی بە زیاتر لە 22 ساڵە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی ئابی 2023، بە سەرۆکایەتی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و بە ئامادەبوونی هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لیژنەکە لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، هادی عامری و شاخەوان عەبدوڵڵا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا و وەڵامی رۆژنامەنووسانیان دایەوە.

 

شاخەوان عەبدوڵڵا: لەمەوبەدوا سوپای عێراق دەستوەردان لە کاروباری جووتیاران ناکات

لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی لیژنەی باڵای ماددەی 140، بڕیادرا سوپای عێراق دەستوەردان لە کاروباری جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکان نەکات و چیدیکە سوپا رێگری لە کاری کشتوکاڵی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە نەکات، "چونکە ئەو کارە پێچەوانەی دەستوورە". گوتیشی، ئەوانەی خاوەن زەوییەکانن، "دەتوانن زەوییەکانیان  بکێڵن و رێگرییان لێ ناکرێت".

 بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، لەگەڵ هادی عامری و ئەندامانی دیکەی لیژنەکە رێککەوتوون، کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای ماددەی 140 هەموو هەفتەیەک ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی ماددەکە "بچێتە قۆناغێکی باشترەوە".

لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی بەعس، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، "بڕیارەکانی سەرکردایەتی بەعس ‌هەڵنەوەشاونەتەوە"، بەڵکوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەکو پڕۆژەیاسایەک دەنگی لەسەر داوە و چاوەڕێن رەوانەی پەرلەمان بکرێت. ئەوەشی خستەڕوو، "کۆدەنگی فراکسیۆنەکان لەسەر پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەعس هەیە و هەموو هەوڵێک دەدەین لە پەرلەمان پەسەندی بکەین".

رۆژی دووشەممە هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە نووسراوێکدا کە  ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق کرد، نووسیبووی: ''دەمانەوێت ڕوونی كەینەوە، بە بڕیاری 29ی ساڵی 2012 كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەركراوە، سەرجەم بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری بەناو باکوور هەڵوەشاوەتەوە سەبارەت بە كوژاندنەوەی مافی بەكارهێنانی زەویی كشتوكاڵیی جووتیاران كە هی عەرەبەكان نییە و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكان لە پارێزگای كەركووك و دۆخەكە بگەڕێتەوە بۆ پێش بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باکوور و جەخت لەوە دەکەینەوە، یاسای ژمارە 29ی ساڵی 2012 تاوەکو ئێستا بەركارە و نابێ گرێبەستی زەویی كشتوكاڵی نوێ بكرێتەوە.''

وەکو ئەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی کرد، ئەو بڕیارانەی تاوەکو ئێستا هەڵوەشاونەتەوە، بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری "شیمال"ـی سەردەمی رژێمی بەعسن، کە بە پێی یاسای ژمارە 29ـی ساڵی 2012 هەڵوەشاونەتەوە و دەڵێت، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی مافی خاوەن زەوییەکانی ناوچە کوردستانییەکان نەفەوتێت.

یەکێکی دیکە لە خاڵەکان کە رێککەوتنی لەسەر کراوە، وەکو ئەوەی شاخەوان عەبدوڵڵا باسی کرد، "بێبەشکردنی جووتیاران بووە لە پلانی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق. نە گازیان پێ دەدرێت، نە هاوکارییان دەکرێت و زۆر جاریش لە وەرگرتنی بەروبوومەکانیان، کێشەیان بۆ دروست دەکرێت، لەم کۆبوونەوەیەدا باسمان لەم بابەتە کرد و بڕیادرا لە هەماهەنگی دابین لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ئەوەی ئەوانیش لە پلانی کشتوکاڵی ساڵانەدا بەشدار ببن".

هادی عامری: لە کۆبوونەوەکەدا باسی دوو بابەتمان کرد

لەلایەن خۆیەوە، هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێبکردنی ماددەی 140 رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە بە شێوەیەکی یاسایی و لە پەرلەمانی عێراق بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی رژێمی بەعس هەڵبوەشێنەوە و کار بە بڕیاری "هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری شیمال" بکرێت، قەرەبووی هاووڵاتییان بکرێتەوە و پارچە زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە.

بابەتێکی دیکە لە کۆبوونەوەکەدا کە باسی لێ وەکو کرا، وەکو ئەوەی هادی عامری ئاماژەی پێ دەدات، "قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتییانە بووە کە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە" و ئاماژەی بەوەش دا، " 439 هەزار دۆسیەی ماددەی 140 واژوو کراون، بەوەش قەرەبووکردنەوەی تەواوی زیانلێکەوتووانی ماددەی 140 پێویستی بە 22 ساڵە".

هادی عامری خەرجکردنی 200 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ماددەی  140 بە "بڕێکی زۆر کەم" ناوبرد و رایگەیاند، "هیوامان وایە برادەرانمان لە پەرلەمانی عێراق کار بۆ زیادکردنی ئەو بڕە پارەیە بکەن، چونکە بە ڕاستی ژمارەی زیانلێبەرکەوتووانی ماددەی 140 زۆرە و ئەو بڕە پارەیەی خەرجکراوە، زۆر کەمە".

کارنامەی کابینەی سوودانی و جێبەجێکردنی ماددەی 140

ماددەی 140ـی دەستووری عێراق سێ قۆناخی بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە دیاریکردووە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی بەعسی پێشوو دووچاری گۆڕانکاری دیمۆگرافی بوونە و هەنگاوەکان بریتین لە ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە ئاخۆ لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق دەمێننەوە یان دێنە پاڵ هەرێمی کوردستان و لە دەستووردا ساڵی 2007 وەک دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە دیاریکراوە.

بەپێی ماددەی 140 ـی دەستووری عێراق، ئەرکی دەسەڵاتی جێبەجێکاری عێراقە تەواوی ئەم ماددەیە جێبەجێ بکات و قۆناخەکانی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و لەکۆتاییشدا گشتپرسی لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە ئەنجام بدات بۆ دیاریکردنی خواستی دانیشتووانی ئەو ناوچانە.

بە گوێرەى کارنامەی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێوشوێنەکانى تایبەت بە رێککەوتنى پڕکردنەوەى بۆشایی ئەمنى لە نێوان هێزەکانى فیدڕاڵى و پێشمەرگە تەواو دەکرێن و بەڵێندراوە کە لە ماوەى مانگێک دواى پێکهێنانى حکومەت، لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى ماددەى 140ى دەستوورى عێراق پێکدەهێندرێتەوە و قەرەبووى ئەو کەسانە دەکرێتەوە کە ماددەى 140 دەیانگرێتەوە.