سەڵاحەددین بەهائەددین: ترسان لە هەڵبژاردن عەیبەیە

سەڵاحەددین محەممەد بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
سەڵاحەددین محەممەد بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا دەکاتەوە و رایگەیاند، ترسان لە ئەزموونی هەڵبژاردن عەیبەیە.

رۆژی یەکشەممە (13ـی ئابی 2023)، سەڵاحەددین محەممەد بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەڵبژاردن کۆتایی دونیا نییە و عەیبەیە هەندێک لایەن لێی دەترسێن.

هەروەها سەڵاحەددین محەممەد بەهائەددین ئاماژەی بەوەشکرد، دوای زیاتر لە 30 ساڵ ترسان و بیانوو گرتن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن عەیبەیە.

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو داوای کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان کرد و گوتیشی، پێویستە لایەنەکان کەموکوڕییەکان و ناتەبایی ناوماڵی خۆشیان چارەسەربکەن.

رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024) دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.

رۆژی (9ـی ئابی 2023) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە راسپاردنی ئیدارەی هەڵبژاردنەکان بۆ ئامادەکردنی خشتەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەو وادەیەی لە مەرسوومی هەرێمیدا دیاریکراوە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت کە لە ساڵی 2013 هەموارکراوەتەوە و پەرلەمانی کوردستان لە سەد کورسی گشتی و 11 کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیانەکان پێکهاتووە.

شێوازی هەڵبژاردن بەپێی ئەو یاسایە بە دەنگدانی نهێنی راستەوخۆ بەپێی سیستمی لیستی کراوەی سنووردار ئەنجام دەدرێت و هەر لیستێکی هەڵبژاردنیش نابێت رێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە 30% کەمتربێت و تەمەنی رێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان 25 ساڵە.