داوای دادگایی کردنی کوڕەکەی بایدن دەکرێت

رۆبێرت هەنتەر بایدن
رۆبێرت هەنتەر بایدن

K24 - هەولێر

سیناتۆرێكی دیموکراتەکان رایدەگەینێت، کوڕەکەی جۆو بادین تاوانی زۆری کردووە و پێویستە دادگایی بکرێت.

جەمی رەسکین سیناتۆری دیموکراتەکان لە ویلایەتی مێریلاند رایگەیاند، دیارە هەنتەر بایدن کوڕی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کەسێکی ئالوودەبووە و ژمارەیەکی زۆر تاوان و کاری خراپی ئەنجامداوە.

جەمی رەسکین، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون و لێپرسینەوەیە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا داواشیکرد، سیاسەت تێکەڵی کاری دادوەری نەکرێت و رێگەبدەرێت داداگا کاری خۆی بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەنتەر بایدن کوڕی جۆ بایدن ژمارەیەک تۆمەتی رووبەڕوو کراوەتەوە لەوانەش هەڵگرتنی چەک، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و خۆدزینەوە لە باج.

پێشتر مێرک گارلاند، وەزیری دادی ئەمەریکا، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو، دەیڤید ڤیاس، داواکاری گشتی فیدراڵی بە پلەی یەکەم لێکۆڵینەوە لە "تۆمەتەکانی هەڵسوکەوتی تاوانکاری لەلایەن خەڵکەوە دەکات، لەنێویاندا رۆبێرت هەنتەر بایدن".

کۆمارییەکان هەنتەر بایدن بەوە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە لە ئۆکرانیا و چین کارێکی گوماناوی ئەنجامداوە کاتێک باوکی جێگری سەرۆکی پێشووی باراک ئۆباما بووە لە ساڵەکانی (2009 تا 2017)، بە سوود وەرگرتن لە ناو و پەیوەندییەکانی باوکی.

هەنتەر بایدن تەمەن 53 ساڵ، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە تۆمەتبارە بە خۆدزینەوە لە باج و هەڵگرتنی چەکی ئاگرین لەکاتێکدا ئاڵودەبووی ماددە هۆشبەرەکان بووە.