کیم سەردانی کارگەی بەرهەمهێنانی چەک دەکات و هانییان دەدات بەرهەمەکانیان زیاد بکەن

K24 - هەولێر

ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، سەردانی کارگە سەربازییە گەورەکانی کردووە، لەنێویاندا کارگەیەکی بەرهەمهێنانی مووشەکی تاکتیکی.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون هانی باشترکردنی توانای بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی چەکەکانی داوە، گوتیشی: کوالیتی ئامادەکارییەکانی جەنگ پەیوەستە بە پەرەپێدانی پیشەسازی تەقەمەنی.

 کیم خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە لە گرنگیدانەکانی ئەم دواییەی کارگەکە بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی تاکتیکی و زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان.

ئاژانسەکە ڕایگەیاند ستایشی دوایین ئۆپەراسیۆنەکانی هاویتزەر دەکات و ڕوونی دەکاتەوە کیم ئامانجێکی گرنگی داناوە بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی موشەک لە وێستگەی بەرهەمهێنانی موشەکی تاکتیکی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پلانی رێکخراوەیی و کارپێکردنی یەکەکانی هێڵی پێشەوە و یەکە موشەکییەکان.

ئاماژە بەوە شدەکات، کە سەرۆکی کۆریای باکوور خۆی ئۆتۆمبێلێکی جەنگی زرێپۆشی نوێی پێشکەوتووی تاقیکردەوە کاتێک سەردانی کارگەکەی کرد بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی جەنگی زرێپۆش.

ئەم سەردانە تەنها هەفتەیەک دوای ئەوە هات کە کیم جۆنگ ئون رێنمایی مەیدانی بۆ کارگە گەورەکانی تەقەمەنی دەرکرد، لەکاتێکدا کۆریای باشوور و ئەمەریکا پلانیان هەیە لە کۆتایی ئەم مانگەدا مانۆڕی سەربازی "ئۆلچی فریدۆم شیڵد" ئەنجام بدەن کە پیۆنگیانگ ئیدانەی کردووە.