نزیکەی 800 گوندی هەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی پەکەکەوە خاپوور و چۆڵکراون

بۆردوومانکردنی بارەگەکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان (ئەرشیف)
بۆردوومانکردنی بارەگەکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا، نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک.

شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تاوەكو ئێستا 274 گوند لە سنووری پارێزگای دھۆك بەھۆی شەڕەكەوە چۆڵكراون كە 250ـیان دەكەونە سنووری قەزای ئامێدی و 24 گوندیش دەكەونە سنووری قەزای ئاكرێ. ھەروەھا 47 گوند لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەھۆی پێكدادانەكانەوە چۆڵكراون.

ھەرچی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، 188 گوند بەھۆی شەڕی پەكەكە و توركیاوە چۆڵكراون، كە 104ـیان دەكەونە سنووری قەزای سیدەكان، 65 گوندیان لە قەزای مێرگەسوور و 15 گوندیش لە سنووری چۆمان و 4 گوندیش لە سنووری قەزای رواندز چۆڵكراون.

شەڕی پەکەکە زیانێكی زۆر بەر ناوچە گەشتیارییەكانیش گەیاندووە، لەوانە 25 ھاوینەھەوار لە زاخۆ بوونەتە ناوچەی شەڕ و زیانێكی زۆریان بەركەوتووە، ھەروەھا 10 ناوچەش كەوتوونەتە ژێر كاریگەری پێكدادانەكانەوە.

دەیان ساڵە پەكەكە لەگەڵ توركیا شەڕ و پێكدادان و ناكۆكیی سیاسییان هەیە و بۆ چەندین ساڵ دەبێت بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان، پەكەكە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستانی كردووەتە شوێنی مڵملانێكانی خۆی، بەمەش نائارامی و پشێویی دروست كردووە و بە سەدان گوند چۆڵكراون، جگە لەوەی كە زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانی سڤیل كەوتووە.