سەرۆک بارزانی وردەکارییەکانی جەنگی رزگارکردنی عێراق دەخاتەڕوو

بۆردومانکردنی بەغدا لە 19ـی ئازاری 2003
بۆردومانکردنی بەغدا لە 19ـی ئازاری 2003

K24 - هەولێر:

سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەرگی شەشەمی زنجیرە کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) وردەکارییەکانی حەفتەی یەکەمی جەنگی رزگارکردنی عێراقی خستووەتەڕوو.

بەرگی شەشەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) کە بە ناونیشانی (کوردستان و عێراقی نوێ) دوێنێ کەوتە بەر دیدی خوێنەران باس لە رووداو و گۆڕانکارییەکانی نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2016 دەکات.

سەرۆک بارزانی لە پەڕەی 45 تا پەڕەی 48ـی کتێبە نوێیەکەیدا سەبارەت بە جەنگی رزگارکردنی عێراق بەمجۆرە نووسیویەتی:

شەڕ دەستی پێ کرد

دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ دەستپێکی شەڕ، لە وتارێکدا سەرۆک بووش دوائاگادارکردنەوەی بە سەددام دا، کە پێویستە خۆی و هەردوو کوڕەکەی عودەی و قوسەی عێراق بەجێبێڵن، ژمارەیەک لە وڵاتە عەرەبییەکان ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ وەرگرتنیان، بەڵام سەددام قبوڵی نەکرد و رەتی کردەوە عێراق جێبهێڵێت.

دیار بوو زانیاری بە ئەمەریکییەکان گەیشتبوو کە سەددام بە نهێنی سەرقاڵی دروستکردنی خانوویەکە. دوای دەستپێکردنی شەڕ، یەکەم هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانان بۆ سەر ئەو خانووە بوو، بڕیاری ئەمەریکا بریتی بوو لە کوشتنی سەددام، چونکە بە کوشتنی سەددام کاری ئەمەریکا ئاسانتر دەبوو و زووتر کۆتایی پێ دەهات، دواتر دەرکەوت کە سەددام لەناو خانووەکەدا نەبووە.

دوای کۆتاییهاتنی هەموو ئامادەکارییە سەربازی و سیاسی و تەکنیکییەکان، بەرە بەیانی ڕۆژی 20ـی ئازاری 2003 هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا دەستیان بە بۆردومانی شوێن و ئامانجە سەربازی و ستراتیژییەکانی عێراق لە بەغدا کرد.

رۆژی 21ـی 3ـی 2003، هێزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان چەندان خاڵی سوپای عێراقیان لە باشووری هەولێر بۆردومان کرد، وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ هێزەکانی عێراق کە بۆردومانی سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان کردبوو.

ئێمەش لەلای خۆمانەوە هەموو ئامادەکارییەکمان کردبوو و هەموو هێزەکانی پێشمەرگە ئامادە بوون بۆ هەر جۆرە پێشهات و ئەگەرێک.

لەو سەروبەندەدا مەکتەبی سیاسی کۆبووەوە و بەپێی پلانی پێشووتر کار و ئەرکەکەان دابەش کران.

بە مەبەستی رەواندنەوەی دڵەڕاوکێ و دڵنیایی جەماوەری کوردستان و جەماوەری هەولێر بەتایبەتی، ئێوارەی رۆژی 20ـی ئادار چوومە سەر قەڵای هەولێر و ئاگری نەورۆزم کردەوە. هەروەها بۆ وریایی و پابەندبوون بە بڕیار و رێنماییەکانەوە بەردەوام لق و هێز و خاڵ و سەنگەرەکانی پێشمەرگەم بەسەر دەکردەوە.

یەکێک لەو ئامانجانەی کەوتنە بەر هێرش و بۆردومانی مووشەک و فڕۆکەکانی ئەمەریکا، بارەگاکانی ئەنساری ئیسلام بوو لە ناوچەی خورماڵ و بیارە.

بەپێی زانیارییەکان مووشەکێکی جۆری تۆماهۆک (مووشەکێکی دوورمەودای ئەمەریکییە کە لە دەریاوە بۆ وشکانی دەهاوێژرێت و دەتوانێ لە دووری 2500 کیلۆمەتر ئامانجەکانی بپێکێت)، بارەگای مەکتەبی سەربازی کۆمەڵی کردە ئامانج و زیانی زۆری پێ گەیاند.

لە چوارچێوەی یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمەرگە، ئەمەریکا ئەم تەقەمەنی و کەلوپەلە سەربازییانەی بۆ هێنابووین:

لیستی چەک و تەقەمەنییەکان
لیستی چەک و تەقەمەنییەکان

شەوی 22 لەسەر 23ـی ئازاری 2003 فڕۆکەیەکی ئەمەریکا لەجۆری (C130) لە فڕۆکەخانەی هەریر نیشتەوە، بڕێکی چەک و تەقەمەنی بۆ هێنابووین، بڕیاربوو لەماویە سێ شەوی داهاتووشدا چەند فڕۆکەیەکی تر بگەنە فڕۆکەخانەکانی هەریر و سێ فڕۆکەش بچنە سلێمانی.

فڕۆکەی جۆری C130
فڕۆکەی جۆری C130

بەڵام نە ژمارە و نە جۆری چەکەکان ئەوە بوون کە بەڵێنیان پێ دابووین. دیار بوو گوشارێکی زۆری دەوڵەتانی هەرێمییان لەسەر بوو.

سەبارەت بە هەماهەنگی نێوان سوپای ئەمەریکا و هێزەکانی پێشمەرگە، سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا دەڵێت:

رۆژی 23ـی ئازار جەنەڕاڵ کلیڤلاند گەیشتە لامان کە شەوی پێشتر هاتبووە کوردستان و، زۆر لە تورکەکان تووڕە و دڵگران بوو، ڕایگەیاند کە بەمەبەستی هەماهەنگیی سەربازی هاتووە و جەنەڕاڵ ئۆزمانیش لەپێناو هەماهەنگی سیاسی دێتە کوردستان، دوای چەند رۆژێك ناوبراو گەیشت.

هێرشی زەمینی بە بەشداری ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەر عێراق دەستی پێ کرد، بەڵام بەهیچ شێوەیەک لەڕووی قەبارە و توانای سەربازی چەکەوە لەگەڵ سوپای عێراق هاوسەنگ نەبوو.

بە دڵناییەوە هەموو کەس قسە و وتار و کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکانی محەمەد سەعید سەحافیان لەبیر ماوە کە وشەی (علوج)ـی بەکارهێنا.

بەیاننامەکانی جێی پێکەنین و گاڵتەجاڕی بوون، زۆر دوور بوون لە راستییەکان، چونکە تانکە ئەمەریکییەکان لەسەر پردی کۆماری و پردی هەڵواسراو بوون، کەچی ناوبراو ڕایگەیاند هەموو سەربازە ئەمەریکییەکان لەناو تانکەکانیاندا ئابڵۆقە دراون و دوای ماوەیەکی کەم دەستگیر دەکرێن.

وەک باس دەکرێت گوایە سەرۆک بووشیش بەوردی بەدواداچوون و چاودێری کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکانی سەحافی کردووە. دوای رووخانی رژێم، ئەمەریکا بە فڕۆکە دەربازی کرد و گەیەندرایە ئیمارات. سەیر بوو ئەمەریکا بایەخ و گرنگییەکی زۆری بەناوبراو دەدا.

بەردەوام زانیاریمان بۆ دەهات کە بۆردومانی ئامانج و شوێنە سەربازی و ستراتیژییەکانی عێراق لە بەغدا و مووسڵ و ناوچە جیاجیاکانی عێراق لەلایەن هاوپەیمانانەوە بە شەو و ڕۆژ بەردەوامە.

حەفتەیەک دوای دەستپێکردنی شەڕ، شەوی 26ـی لەسەر 27ـی ئازاری 2003 نزیکەی هەزار سەربازی ئەمەریکی بە پەڕەشووت لە فڕۆکەخانەی هەریر دابەزین. هێزەکانی عێراق لە زۆربەی هێڵەکانی تەماس لەگەڵ پێشمەرگە پاشەکشەیان کرد و ژمارەیەکی زۆریش لە ئەفسەر و سەربازەکان خۆیان رادەستی پێشمەرگە کرد و پەنامان دان و خزمەتمان کردن تا کۆتایی شەڕ و دواتر بە ڕێزەوە گەڕانەوە ناو خێزان و کەسوکاریان کە ژمارەیان نزیکەی هەشت هەزار کەس بوو.