وادەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی بەشێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا

قوتابیانی زانکۆی سلێمانی
قوتابیانی زانکۆی سلێمانی

K24 - هەولێر

لە بەشێکی زۆری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داهاتوو دەستپێدەکات. بەشێک لە زانکۆکان ئامادەکاریی تەواویان بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندن و دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکان کردووە. 

ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، عەباس دزەیی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەوامی ساڵی نوێی خوێندنی 2023 – 2024 لە بەشێکی زۆری زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ دەستپێدەکات، بەڵام وەکو خۆی گوتی، مەرج نییە هەموو زانکۆکان لە یەک کاتدا دەست بە ساڵی نوێی خوێندن بکەن.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەش دا، هەر زانکۆیەکی هەرێمی کوردستان ساڵانە بە پێی ساڵنامەی ئەکادیمی خۆی، وادەی (دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندن، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم و دووەم، راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان و پشووکان) دەستنیشان دەکات؛ واتا مەرج نییە زانکۆی هەولێر و سلێمانی یان دهۆک لە یەک کاتدا دەست بە پڕۆسەی خوێندن بکەن.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، 18 زانکۆی حکومی و 30 زانکۆ و پەیمانگەی تایبەت لە هەرێمی کوردستان هەن و مۆڵەتی فەرمییان لەلایەن وەزارەتەکەوە وەرگرتووە. هاوکات بە گوێرەی ئامارەکان، دوو دەستە و ئەنجومەنێکى حکومیش هەن، کە ئەوانیش بەپێى پسپۆڕىی، کارەکانیان ڕایی دەکەن.

وادەی دەستپێکردنی دەوامی ساڵی نوێی خوێندن لە بەشێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان:

زانکۆی سەڵاحەددین

ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی سەڵاحەددین، بڕیاردراوە دەوامی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 لە زانکۆکەیان، بۆ قوتابیانی قۆناغی دووەم، سێیەم و چوارەم، رۆژی دووشەممە 4ـی ئەیلوولی 2023 دەستپێبکات.

لەبارەی دەوامی قوتابیانی قۆناغی یەکەمیش، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین ئەوەی خستەڕوو، "تا ئێستا وادەی دەستپێکردنی دەوامی قوتابیانی قۆناغی یەکەم دیارینەکراوە، چونکە زۆربەی جار لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکان دێتەوە و لە تشرینی دووەم دەست بە دەوامەکەیان دەکەن". وەکو خۆی گوتی، "پلانیان داناوە زیاتر لە پێنج هەزار قوتابی نوێ بۆ ئەمساڵی خوێندن لە زانکۆکەیان وەربگرن، بەڵام دەکرێت ژمارەکە زیاتر ببێت، چونکە وەزارەتی خوێندنی باڵا ساڵانە دەستکاریی لە پلانی زانکۆکان دەکات".

بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین، لیژنەیەکیان بۆ ئامادەکردنی بەشە ناوخۆییەکانی قوتابیانی زانکۆی سەڵاحەدیین پێکێهێناوە، بۆ ئەوەی پێش دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی نوێی ئەکادیمی، بەشە ناوخۆییەکان بەسەر قوتابیاندا دابەشبکرێن. گوتیشی، "ئەمساڵ سەرجەم بەشە ناوخۆییەکان لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە دابەش دەکەین".

زانکۆی سلێمانی

ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری قوتابیان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەرچەندە وەکو ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی وادەی دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی 2023-2024ـمان دەستنیشاننەکردووە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە رۆژی 16 بۆ 17ـی ئەیلوول، دەوامی قوتابیانی قۆناغەکانی دووەم، سێیەم و چوارەم دەستپێدەکات".

لەبارەی دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکانیش، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری قوتابیان ئاماژەی بەوە دا، لە ئێستادا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکان کار بۆ ئامادەکردن و دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکان دەکرێت و هەوڵدەدەن "هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی دەوام" بەسەر قوتابیاندا دابەشیان بکەن.

د. پێشڕەو حەمەجان روونیشیکردەوە، زانکۆی سلێمانی پلانی وەرگرتنی نزیکەی چوار هەزار قوتابی نوێی قۆناغی یەکەمی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە، بەڵام بە گوتەی خۆی، "ساڵانە رێژەکە لەلایەن وەزارەتەوە زیاددەکرێت و دەکرێت ژمارەی قوتابییە نوێیەکان بۆ پێنج هەزار قوتابی بەرزببێتەوە". گوتیشی، "لەوانەیە دەوامی قوتابیانی قۆناغی یەکەم ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم دەستپێبکات".

زانکۆی دهۆک

ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، د. لوقمان هادی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی دهۆک بۆ کاروباری زانستی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەنجوومەنی زانکۆی دهۆک تا ئێستا وادەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024ـی دەستنیشاننەکردووە، چونکە چاوەڕێین رێنوێنییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵایین، بەڵام ئەگەر هەیە هەفتەی یەکەمی مانگی ئەیلوول دەستپێبکات".

زانکۆی دهۆک، وەکو ئەوەی د. لوقمان هادی ئاماژەی پێ دا، ساڵانە نزیکەی شەش هەزار قوتابی نوێ (قۆناغی یەکەم) وەردەگرێت، بۆ ئەمساڵیش پلانی خۆیان بۆ وەرگرتنی قوتابیانی قۆناغی یەکەم ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە. روونیشیکردەوە، "دوای ئەوەی قوتابیانی قۆناغی یەکەم وەردەگیرێن، هەفتەیەک دواتر دەوامەکەیان دەستپێدەکات".

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی دهۆک بۆ کاروباری زانستی لەبارەی دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکانیش گوتی، "ئێمە دوو جۆرە بەشە ناوخۆییمان هەیە؛ بەشێکیان لەناو کەمپەسی زانکۆن، بۆ قوتابیانی کچ تەرخانکراون و لە داهاتوویەکی نزیکدا دابەشدەکرێن، بەشێکی دیکەشیان لە ناو سەنتەری شاری دهۆک و دەوروبەرین و چاوەڕێی نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵاین، بۆ ئەوەی بۆ قوتابیان بەکرێ بگرین". روونیشیکردەوە، "بەشە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە بەسەر قوتابیاندا دابەشدەکرێن".

زانکۆی هەڵەبجە

ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، د. مەهاباد کامیل عەبدوڵڵا، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەرچەندە تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی ئەنجوومەنی زانکۆکەیان وادەی دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندن بۆ ساڵی 2023-2024 بۆ قوتابیانی قۆناغی دووەم، سێیەم و چوارەم دەستنیشاننەکردووە، بەڵام چاوەڕێدەکرێت، 15 بۆ 20ـی ئەیلوول دەستپێبکات.

لەبارەی دەوامی قوتابیانی قۆناغی یەکەمیش، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە دا، "پلانمان داناوە ئەمساڵ نزیکەی 500 قوتابی قۆناغی یەکەم وەربگرین، بەڵام دەشکرێت ژمارەکە زیاتر ببێت، چونکە ساڵانە کە پلان ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکەین، ژمارەکە زیاددەکرێت. دەوامی قوتابیانی قۆناغی یەکەمیش، دەچێتە سەرەتای مانگی تشترینی دووەم".

د. مەهاباد کامیل عەبدوڵڵا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، بەڕێوەبەرایەتی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆکەیان ئامادەکاریی تەواویان بۆ دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکان بەسەر قوتابیاندا کردووە و هەوڵدەدەن هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن دابەشیان بکەن.

زانکۆی سۆران

ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، د. ڕزگار سەعید حوسێن، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران بۆ کاروباری قوتابیان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەنجوومەنی زانکۆی سۆران چەند رۆژێک لەمەوبەر بڕیاریداوە دەومی ساڵی نوێی خوێندن بۆ ساڵی 2023-2024 لە رۆژی شەممە 2ـی ئەیلوولی 2023 بۆ قوتابیانی قۆناغی دووەم، سێیەم و چوارەم دەستپێبکات.

لەبارەی دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکانیش، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران بۆ کاروباری قوتابیان، گوتی، رۆژی دووشەممە، 28ـی ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکان دەکرێت و هەموو ئامادەکارییەکی پێویست بۆ دابەشکردنیان بەسەر قوتابیاندا کراوە. گوتیشی، "دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکان بۆ قوتابیانی قۆناغی دووەم، سێیەم و چوارم بە شێوەی فۆرمی دەستی دەبێت و بۆ قوتابیانی قۆناغی یەکەمیش، لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە دەبێت".

د. ڕزگار سەعید حوسێن ئاماژەی بەوەش دا، لە ماوەی ساڵی رابردوودا پلانێکی جیاوازیان بۆ دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکان جێبەجێکردووە، بە شێوەیەک قوتابیانی هەر کۆلیژ (سکۆڵێک) بەجیا بەشە ناوخۆییان پێ بدرێت، بۆ نموونە بەشە ناوخۆییەکانی یەک باڵەخانە بە تەنها دەدرێنە قوتابیانی کۆلیژی ئەندازیاری و دەڵێت، "پلانەکە زۆر سەرکەوتووبوو، نزیکەی سەدا 30 بۆ 40ـی تێچووەکەیان لەسەر حکومەت کەمکردووتەوە".

زانکۆی زاخۆ

د. کاروان فەهمی سامی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی زاخۆ بۆ کاروباری قوتابییان، ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، بە کوردستان24ـی گوت، "بە بڕیاری ئەنجوومەنی زانکۆی زاخۆ، پڕۆسەی ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆکەمان بۆ قوتابیانی قۆناغەکانی دووەم، سێیەم و چوارم، رۆژی یەکشەممە 3ـی ئابی 2023 دەستپێدەکات".

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی زاخۆ بۆ کاروباری قوتابییان ئاماژەی بەوەش دا، زانکۆکەیان پلانی داناوە ئەمساڵ نزیکەی هەزار و 300 قوتابی نوێ (قۆناغی یەکەم) وەربگرێت و، وەکو روونیکردەوە، دەوامەکەیان "لەوانەیە بکەوێتە ناوەڕاستی مانگی تشترینی دووەمی ئەمساڵ".

زانکۆی زاخۆ، بە گوتەی د. کاروان فەهمی سامی هەوڵدەدات، هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024، بەشە ناوخۆییەکان بەسەر قوتابیاندا دابەشبکات و هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ ئەو مەبەستە کردووە.