وەزیری بەرگری چین سەردانی رووسیا دەکات

لی چانگفۆ، وەزیری بەرگری چین
لی چانگفۆ، وەزیری بەرگری چین

K24 - هەولێر

وەزیری بەرگری چین، بەسەردانێک دەچێتە رووسیا و بیلاڕووس، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەکین و مۆسکۆ لە رێگەی سەردانەکان پەیوەندییەکانیان قووڵتر دەکەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، لی چانگفۆ وەزیری بەرگری چین بەسەردانێک دەچێتە رووسیا و بیلاڕووس، هەروەها رەتیشیکردەوە کۆبوونەوە لەگەڵ هاوتا ئەمەریکیەکەی بکات تا ئەوکاتەی واشنتن ئەو سزایانە هەڵدەگرێت کە لە وەڵامی کڕینی تەکنەلۆژیای سەربازیی رووسیا بەسەریدا سەپێنرابوو.

لی، لە پەکین لەگەڵ فەرماندەی هێزی دەریایی رووسیا، نیکۆلای یڤمینۆڤ قسەی کرد و گوتی: هیوادارە هەردوو وڵات بتوانن پەیوەندییەکان لە هەموو ئاستەکاندا بەهێز بکەن، بەپێی نووسراوی گفتوگۆکە کە وەزارەتی بەرگری چین بڵاویکردەوە.

چین و رووسیا هاوپەیمانی ستراتیژی یەکترن، جەخت لەسەر هاوبەشی بێ سنووری هاوکاری ئابووری و سەربازی خۆیان دەکەنەوە.

دوای ئەوەی رووسیا لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوودا هێرشی سەربازی خۆی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر پتەوتر بووە، کە رووبەڕووی گەمارۆ ئابوورییەکانی رۆژئاوا بوونەتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری چین گوتی: لی لە سەردانەکەیدا بۆ رووسیا وتارێک لە کۆڕبەندی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشکەش دەکات، هەروەها دیدار لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری رووسیا و بەرپرسانی دیکە دەکات.

وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین هەفتەی رابردوو بە تەلەفۆن لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا قسەی کرد و ستایشی هاوکاری پراکتیکیی نێوان هەردوو وڵاتی کرد.

وانگ بە هاوتا رووسییەکەی راگەیاند، پەکین و مۆسکۆ پێویستە بەردەوام بن لە پاراستنی هەماهەنگی ستراتیژی و پشتیوانی یەکتر، هەروەها بە دیموکراسیکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.