ئۆکرانیا بڕی هەناردەکردنی دانەوێڵەی لە مساڵدا ئاشکرا کرد

K24 - هەولێر

داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئۆکرانیا، دەریانخستووە کۆی گشتی هەناردەکردنی دانەوێڵەی وڵاتەکە گەیشتووەتە 3.12 ملیۆن تۆن دانەوێڵە، کە لە مانگی تەمموزەوە دەستیپێکردووە و لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو کۆتایی دێت.

وەزارەتی کشتوکاڵی ئۆکرانیا ئامارەکانی هەمان ماوەی ساڵێک پێشتری نەخستەڕوو، بەڵام رایگەیاندووە، تا 15ی ئابی 2022، 2.65 ملیۆن تۆن هەناردەکراوە.

لە دوای کشانەوەی ڕووسیا، هەناردەی ئۆکرانیا کاریگەری هەبووە لە رێکەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام داتاکانی وەزارەتەکە وردەکارییەکانی هەناردەکردنیان لەدوای دارمانی ڕێککەوتنەکەوە ئاشکرا نەکردووە.

وەزارەتی کشتوکاڵی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای مانگی ئابەوە ئۆکرانیا 848 هەزار تۆن دانەوێڵەی هەناردە کردووە.

کۆی گشتی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە سەرەتای ئەم وەرزەوە یەک ملیۆن و 48 هەزار تۆن گەنمەشامی و ملیۆنێک و 25 هەزار تۆن گەنم و 385 هەزار تۆن جۆ بووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە راگەیەندراوێکدا، هەڵسوکەوتە ئیستفزازییەکانی رووسیا ئیدانە کرد، دوای ئەوەی کەشتییەکی مۆسکۆ لە دەریای رەشدا چەکی ئۆتۆماتیکی ئاراستەی کەشتیی تورکی "سکرو ئۆکان" کرد بۆ بارکردنی کاڵا وشکەکان، کە لە ڕێگادا بوو بۆ بەندەری ئیسماعیل.

رووسیا لە 17ی تەمموزدا لە رێککەوتنی دانەوێڵە کشایەوە، دوای ئەوەی رایگەیاندبوو، کە داواکانی بۆ کەمکردنەوەی سزاکان لەسەر هەناردەکردنی دانەوێڵە و پەینەکەی جێبەجێ نەکراوە، هەروەها مۆسکۆ گلەیی ئەوەی کرد کە دانەوێڵەکان بە بڕی پێویست ناگاتە وڵاتانی هەژار، هەرچەندە ئۆکرانیا وڵاتێکی سەرەکی بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری دانەوێڵەیە، بەڵام بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لەساڵی 2022 کەمبووەتەوە بۆ نزیکەی 55 ملیۆن تۆن.