ڤیان سەبری: شاندی حکومەتی هەرێم بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان سەردانی بەغدا دەکات

K24 – هەولێر:
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و سەردانەکەی سبەی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا بۆ دڵنیابوونەوەیە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانە.
رۆژی دووشەممە (14ـی ئابی 2023) ڤیان سهبری، سهرۆكی فراكسیۆنی پارتی له پهرلهمانی عێراق رایگهیاند، هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنەکان بووە و به گوێرهی یاسا ئهركهكانی خۆی جێبهجێ كردووه، ئهوهی ماوهتهوه پێویستە حکومەتی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات.
لەبارەی ناوەڕۆکی سەردانەکەی سبەی سێشەممەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ئاشکرایکرد، بۆ دڵنیابوونهوه له جێبهجێكردنی رێككهوتنهكان سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی بودجە و مووچە سەردانی بەغدا دەکات.
هەروەها ڤیان سهبری روونیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو داتا و زانیارییەکانی لە بارەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بۆ بەغدا روونکردووەتەوە و ئەو شاندەی چاودێری دارایش کە سەردانی هەولێری کرد بۆ تێگەیشتن بوو لە پێناسەی داهاتی نانەوتی و پێشتریش لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو پرسە یەکلایی کراوەتەوە.
هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و یاسای بودجە، پێویستی بە نیەتێکی سیاسی هەیە لە لایەنەکانی بەغدا بۆ جێبەجێکردنیان، هەر بۆ ئەو مەبەستەش شاندی باڵای پارتی هەفتەی رابردوو سەردانی بەغدای کرد بۆ دڵنیابوونەوە لە ئامادەیی سیاسیی لایەنەکان بۆ پابەندبوون بە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکان.
رۆژی یەکشەممە (13ـی ئابی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی سێشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و بابەتی یاسای بودجە گفتوگۆی شاندی هەرێم و حکومەتی عێراقی دەبێت و گوتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەین.
رۆژی دووشەممە (7ـی ئابی 2023) شاندێکی باڵای پارتی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بەتایبەتی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، چەندین دیداری گرنگی ئەنجامدا و جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوون و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان کردەوە و نیگەرانی هەرێمی کوردستانیشیان بەو لایەنانە گەیاند کە پابەندی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی سیاسی و کارنامەی کابینەکەی سوودانی و یاسای بودجە نەبوون بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرەتای هەفتەی رابردوو شاندێکی باڵای دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و چەندین کۆبونەوەیان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری، گومرگ، باج، بودجە و چەندین بەڕێوبەرایەتی و وەزارەتی حکومەتی هەرێم ئەنجامدا، بە مەبەستی وردبینی لە داهات و خەرجی نەوت و نانەوتییەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان.
رۆژی 12ـی 6ـی 2023، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد و دوای سڕینەوەی چوار ماددە و زیادکردنی چەند ماددەیەک، ژمارەیەک پێشنیازیشی بۆ پرۆژەیاساکە زیادکرد.
هەروەها رۆژی دووشەممە (7ـی ئابی 2023)، رۆژنامەی وەقایعی عێراقی کە وەزارەتی دادی عێراق دەری دەکات، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراقی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەپێی رێنماییەکان، دەبێت ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023 – 2024 - 2025) بکرێت.