مەسرور بارزانی: دەبێ سەرکردە و ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە ئاستی گەورەیی پارتی و مێژووە پڕ لە سەروەرییەکەی بن
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە 8/14 مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری دهۆک سەردانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک-ی کرد و لەلایەن د.پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک و ئەندامانی مەکتەب پێشوازی لێکرا.
پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا، جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی بە گرنگیی زیاتر تێکەڵبوونی بەرپرس و کادیر و ئەندامەکانی پارتی لەگەڵ خەڵک کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە، ئاگاداری خواست و داواکاری و پێداویستییەکانی جەماوەر بن و ببنە هەماهەنگار و یارمەتیدەری دامەزراوەکانی حکومەت بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشترین شێوە ، کارنامە خزمەتگوزارییەکەی جێبەجێ بکات.
جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتی کردەوە کە پارتی، خاوەن سەرۆکێکی مەزن و ڕابردوویەکی پڕ لە شانازی و حزبی پێشرەوی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و پارێزەری دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بۆیە دەبێ سەرکردە و ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە ئاستی گەورەیی پارتی و مێژووە پڕ لە سەروەرییەکەی بن و خزمەتکاری میللەتی خۆیان بن و لە خزمەتکردنی خەڵکدا، هەرچی لە توانایاندایە کەمتەرخەمی نەکەن.
جێگری سەرۆکی پارتی ، ئاماژەی بەوەدا کە پارتی حزبێکی کوردستانی و هی هەموو ناوچە و دەڤەرەکانی کوردستانە، بەڵام بادینان پێگەیەکی تایبەتی هەیە و خەڵکی ئەم دەڤەرە، قوربانییەکی زۆریان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان داوە و هەمیشە بە ڕێز و پێزانینەوە خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی بادینان دەنرخێنین.