وەزارەتی بازرگانی: لە شەش مانگدا 184 تۆن کەرەستەى ماوەبەسەرچوو لەناوبراون

کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو
کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو

K24 – هەولێر:

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، 184 تۆن کەرەستەی ماوەبەسەرچوو لەناوبراون و زیاتر لە هەزار شوێنی بازرگانیش بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون.

لە چوارچێوەی ئەرکەکانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ هاندانی بازرگانی و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2023، چەندین رێکار و پرۆسە گیراونەتە بەر. وەکو مۆڵەتدانی كارگە و كۆمپانیاکان بەپێی مەرجەکان و چاودێریی بازاڕ و مۆڵەتی هاوردە و هەناردەكردن و راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی، لە رێگەی تیمی چاودێریی بازرگانی، دەستی بەسەر 184 تۆن کەرەستەى ماوەبەسەرچوودا گرتووە و هەزار و 49 شوێنی بازرگانیشی بە هۆى سەرپێچییەکانەوە داخستوون.

هەر بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی، لە ئاسانکاریی هەناردەکردن و هاوردەکردنی بەرهەمدا، 140 مۆڵەتی هەناردەكردن و هەزار و 585 مۆڵەتی هاوردەكردن دراون، شەش سەبەتەی خۆراك و پێنج بەشە ئارد دراوەتە هاووڵاتییان. 

هاوکات لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازییەوە، مۆڵەتی نوێ بە 103 كارگە دراوە و بڕی هەشت هەزار و 231 تۆن چیمەنتۆ دابینكراوە. 835 كۆمپانیا خۆیان تۆمار كردووە، كە 10 كۆمپانیانیان بیانین.

هەر لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، پرۆسەی تۆماری ئەلیکترۆنیى ناوی بازرگانی، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان كارا كراوە. هەروەها 835كۆمپانیا خۆیان تۆماركردووە، كە 10 كۆمپانیانیان بیانین.

لەگەڵ ئەوەشدا، لەبارەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، پرۆسەکە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بوو؛ بڕی 500 هەزار تەن لە سایلۆكان وەرگیراوە.