ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکات

وێنەی تۆمەتبار دوای دەستگیرکردنی لەلایەن ئاسایشی هەولێر
وێنەی تۆمەتبار دوای دەستگیرکردنی لەلایەن ئاسایشی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبارێکی ماددەی هۆشبەری دەستگیرکردووە کە ویستوویەتی منداڵیکی خۆی بە شێوەیەکی دڕاندە بکوژێت.

رۆژی دووشەممە (14ـی ئابی 2023) لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند،  تۆمەتبار (ن. ن. م.) کە بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرە، لەژێر کاریگەری بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر ئەشکەنجەی هاوسەر و منداڵەکانی داوە و بەنیاز بووە منداڵێکی خۆی کە تەمەنی تەنیا (ساڵێك و نیوە) بەشێوەیەکی دڕندانە بکوژێت.

ئاسایشی هەولێر رایگەیاندووە، بەر لەئەنجامدانی ئەو تاوانە، بە بڕیاڕی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکرا و رووبەڕووی یاسا کراوەتەوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ تا رۆژی چوارشەممە (9ـی ئابی 20323)، زیاتر لە 710 کەس بە تۆمەتی کڕین، فرۆشتن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراون و رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە بۆ ئەوەی لێپێچێنیەوەی یاساییان لەگەڵدا بکرێت.

هەروەها هەر بەپێی ئامارێکی بەرێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 943 تۆمەتبار دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش 367 کەسیان مامەڵەی بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە. هەروەها 679 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل و 49 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە لەگەڵ دوو هەزار و 860 شیت حەبی هۆشبەر.

بەپێی ئامارەکانیش کە پێشتر کوردستان24 بڵاویکردووەتەوە، 80%ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە و 10%ـی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانیش ئافرەتن و 4%ـیش تەمەنیان خوار 18 ساڵە.