ڤێدانت پاتێل بۆ كوردستان24: ئەمهریکا رەزامەندی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی توركیا نهداوه
K24 -واشنتن:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا وەڵامی عیسا حەسەن پهیامنێری کوردستان 24 له واشنتن سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا دەداتەوه و رایدەگەیێنێت، ئەمهریکا گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵنەکردووە و رەزامەندیشی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو وڵاتە نەداوە. داواش لە لایەنەکان دەکات پابەندی ئاگربەست بن.
ڤێدانت پاتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بە پهیامنێری کوردستان 24ی راگەیاند، کاری باڵیۆز و باڵیۆزخانەکانی ئەمهریکا لە وڵاتان برەودانە بە پەیوەندییەکان باشترکردنی کارکردنە بەیەکەوە.
دهقی گفتوگۆی نێوان عیسا حهسهن پهیامنێری كوردستان24 له واشنتن و ڤێدانت پاتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا:
عیسا حهسهن پهیامنێری كوردستان24 له واشنتن: هەفتەی رابردوو رێکخراوی کۆمەڵگەی ئاشتیخوازی ئەمهریکی رایگەیاند، تەنیا ئەمساڵ تورکیا 82 جار سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی بۆمباران کردووە. تورکیا هەمان کار لە باکووری سووریا دەکات و دەیان هاووڵاتی مەدەنی بەو هۆیەوە کوژراون. ئایا ئەمهریکا گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکردووە بۆ ئهنجامدانی ئەم هێرشانە؟
ڤێدانت پاتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا: ئێمە گڵۆپی سەوزمان بۆ تورکیا هەڵنەكردووە و رەزامەندیمان لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا نەداوە. هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بەمە روونە و گرنگە هەموو لایەک پابەندبن و رێز لە ئاگربەست بگرن. هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕاوە و بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی ئەو ئاگربەستەی هەیە. گرنگە هەموو لایەنەکان رێز لەم ئاگربەستە بگرن بۆ ئەوەی سەقامگیری سووریا باشتربکرێت و لەپێناو چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەکە کاربکەن. ئێمە نیگەرانی گرژییەکانین لە باکووری سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی مەدەنی و ئەو کارانەی تا ئێستا بۆ دڵنیابوون تێکشکاندنی داعش کراون. بەردەوامیشین لەکارکردن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هێزەکانی ئەمهریکا و هاوپەیمانی دژی داعش.
عیسا حهسهن پهیامنێری كوردستان24 له واشنتن: لە پارتە سیاسییەکانی عێراق هەندێک نیگەرانی هەن، دەڵێن: ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمهریکا بۆ عێراق دەست لە کاروبارەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە وەردەدات. ئێوە قسەتان لەسەر ئەمە چییە؟
ڤێدانت پاتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا: "لە هەموو وڵاتانی جیهان کاری باڵیۆز و باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا بریتییە لە جێبەجێکردن و بەردەوەمیدان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتەکان و گفتوگۆکردنە سەبارەت بەوەی چۆن بتوانین بەیەکەوە کار بکەین، لە عێراقیش بەهەمان شێوە دەبێت".
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی (12ـی تەمموزی 2023) لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لوتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە لیتوانیا، رهجهب تهیب ئهردۆغان سهرۆككۆماری توركیا جەختی لەسەر بەردەوامی شەڕی وڵاتەکەی لە دژی تیرۆر دووپاتکردەوە.
رۆژێک پێش ئەو لێدوانەی ئەردۆغانیش، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمهریکا رایگەیاندبوو، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمهریکا هیچ مەرجێکی بۆ پێدانی فڕۆکەی ئێف شازدە بە تورکیا نییە و دەیەوێت ئەو پرسە لەگەڵ کۆنگرێسی وڵاتەکەی یەکلایی بکاتەوە.
سوپای تورکیا لە (18ـی نیسانی 2022)، ئۆپراسیۆنێکی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانیەوە بەناوی "چنگ-قفڵ" بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی زاپ، مەتین و ئاڤاشین دەستپێکردووە.
له (16ـی حوزەیرانی 2020)ـەوە سوپای توركیا هاتە ناو خاكی عێراق و له سنووری باتیفای سهر به قهزای زاخۆ ئۆپراسیۆنێكی به ناوی "چنگی ههڵۆ" دەستپێکرد و 20 بنكهی سهربازی داناوه و به قوڵایی 14 كیلۆمهتر و به پانی 30 كیلۆمهتر ناوچهكهی گرتووه.
ههروهها له (24ـی نیسانی 2021) سوپای توركیا دهستی به هەڵمەتێکی سهربازی كرد له سنووری ناحیهی كانی ماسی له قهزای ئامێدی و ناوچهكهی خستووهته چوارچێوهی ئۆپراسیۆنی چنگی برووسكه و نۆ بنكهی سهربازی داناوه و به قوڵایی شەش كیلۆمهتر و پانتایی 10 كیلۆمهتر له ناوچهكهیه.
پێشتریش لە (28ـی ئایاری 2019) ئۆپراسیۆنی چنگی دژ بە بارەگاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان ئەنجامدابوو.
هەروەها لە (9ـی ئۆکتۆبەری 2019)، ئۆپراسیۆنی کانیاوی ئاشتی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەستپێکرد و چەندین کیلۆمەتر سنووری ئەو وڵاتەی بەزاند.