ناسا: تەمموزی ئەمساڵ لە ساڵی 1880ـەوە گەرمترین مانگ بووە لە سەرانسەری جیهان

پلەی گەرمی گۆی زەوی - وێنە: ناسا
پلەی گەرمی گۆی زەوی - وێنە: ناسا

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی داتاکانی پەیمانگەی گۆدارد بۆ لێکۆڵینەوە لە بۆشایی ئاسمان (GISS)ـی سەر بە ناسا، مانگی تەمموزی 2023 لە هەموو مانگەکانی دیکە گەرمتر بووە لە تۆماری پلەی گەرمی جیهانیدا.

رۆژی دووشەممە (14ـی ئابی 2023) ناسا لە راپۆرتێکدا کە لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، مانگی تەمموزی ئەمساڵ لە هەموو مانگە تەمموزەکانی پێشوو کە لە تۆماری پلەی گەرمی جیهانیدا تۆمارکراوە، گەرمتر بووە بە رێژەی 0.24 پلەی سیلیزی، هەروەها بە رێژەی 1.18 پلەی سیلیزی گەرمتربووە لە مانگەکانی تەمموز لە نێوان ساڵانی 1951 تا 1980.

هاوکات ناسا ئەوەشی روونکردووەتەوە، بەرزی پلەی گەرما لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە و گەرمترین مانگەکانی تەمموزیش لە تۆماری پلەی گەرمی جیهانیدا لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بووە، ئەمەش ئەوە رووندەکاتەوە، کە ساڵانە پلەی گەرما لەسەر ئاستی جیهان لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە.

راپۆرتەکەی ناسا ئەوەی تۆمارکردووە کە زۆرترین بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە بەشێک لە ناوچەکانی ئەمەریکای باشوور، باکووری ئەفریقا، ئەمەریکای باکوور و جەمسەری باشووری زەوی بووە بەشێوەیەک تێکڕا چوار پلەی سیلیزی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

لەبارەی کۆکردنەوەی داتاکانیش، راپۆرتەکەی ناسا باسی لەوەکردووە کە لە دەیان هەزار وێستەگەی پێوانەیی لەسەر رووی دەریا، پلەی گەرمی هەوای وەرگرتووە و ئەوەشی روونکردووەتەوە کە جیاوازی پلەی گەرمی لە سەرانسەری جیهان و کاریگەرییەکانی گەرمبوونی شارەکان، گۆڕانکاری لە ژمارە گشتییەکاندا دروست بکەن.

لەلایەن خۆیەوە، گاوین شمیت، بەڕێوەبەری پەیمانگەی گۆدارد بۆ لێکۆڵینەوە لە بۆشایی ئاسمان (GISS)ـی سەر بە ناسا ئاشکرایکردووە، بەپێی توێژنەوەکانیان لەبارەی ئامارەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە شێوەیەکی ئاسایی نییە و زۆر مەترسیدارە و چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا، ژمارەی پێوانەیی نوێ تۆماربکرێت.

راپۆرتەکەی ناسا هۆکاری ئەو پێوانە نوێیەی گەرمی مانگی تەمموزی ئەمساڵ و پێشبینییەکانی بۆ پلەکانی گەرمی لە ساڵانی داهاتوو، گەڕاندووەتەوە بۆ دیاردەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ئێڵ نینۆ کە تا ناوەڕاست و کۆتایی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، کە بەشێوەیەک، ئێستا بەهۆی دیاردەی ئێڵ نینۆوە، پلەی گەرمی لەسەر رووی پانتایی ئاوی زەریاکان لەسەر زەوی بە رێژەی 40%ـی گەرمترە لە پلەی گەرمی لە دۆخی ئاسایی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پاڵپشت بە داتاکانی کەشناسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەمساڵ، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستێک لە چەند رۆژی رابردوودا گەیشتە سەروو 50 پلەی سیلیزی لە هەندێک ناوچە و بەوهۆیەشەوە لە هەندێک لە پارێزگاکانی عێراق کرایە پشوو، لە هەندێک پارێزگاش دەوام بۆ نیوە کەمکراوەتەوە.

داتاکانی ناسا
داتاکانی ناسا