سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەكات

K24 – هەولێر:

سەرۆک بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە شاندێكی باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كرد، كە پێكهاتبوو لە جەنەڕاڵ ماتیۆ ماكفەرلین فەرماندەی پێشوو و جەنەڕاڵ جۆول ڤاول فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا

ئەمڕۆ دووشەممە ( 14ـی ئابی 2023) بارەگای بارزانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تییدا هاتووە، سەرۆک بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە شاندێكی باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كرد كە پێكهاتبوو لە جەنەڕاڵ ماتیۆ ماكفەرلین فەرماندەی پێشوو و جەنەڕاڵ جۆول ڤاول فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، لە دیدارەكەدا جەنەڕاڵ ماكفەرلین كە كۆتایی بە ئەركەكانی هاتووە و بۆ ماڵئاوایی و ناساندنی فەرماندەی تازەی هێزی هاوپەیمانان سەردانی سەرۆك بارزانیی كردبوو، خۆشحاڵیی خۆی راگەیاند كە لە ماوەی رابردوودا بەشێوەیەكی سەركەوتوو كاری هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە و پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان هەبوو.

لە راگەیاندراوەکەی بارەگای بارزانی، جەختیشی لەوە كردەوە، كە لە قۆناغی داهاتووشدا هێزەكانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستاندا لە هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبن، هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی جەنەراڵ ماكفەرلینی كرد و بەخێرهاتنی جەنەڕاڵ جۆول ڤاول فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و دووپاتی هاوبەشی و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانانی كردەوە

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا ئیرڤن هیكس كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێریش ئامادە بوو كە كۆتایی بە ئەركەكانی لە هەرێمی كوردستان هاتووە و ماڵئاوایی لە سەرۆك بارزانی كرد و دڵخۆشیی خۆی نیشاندا كە لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان كاری كردووە. ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تاوتوێكردنی چەند پرسێكی تری ئەمنی تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون

د