ئاسایشی هه‌ولێر: له‌كاتی هه‌وڵدان بۆ ده‌ستگیركردنی بازرگانێكی مادده‌ی هۆشبه‌ر هیچ كارمه‌ندێكمان بریندار نه‌بووه‌

لۆگۆی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر
لۆگۆی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر

K24 – هەولێر:

بەرپرسی راگەیاندنی ئاسایشی هەولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌كاتی هه‌وڵدان بۆ ده‌ستگیركردنی بازرگانێكی مادده‌ی هۆشبه‌ر، هیچ کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایشی هه‌ولێر بریندار نەبووە.

موقەدەم ئەردەلان بەرپرسی راگەیاندنی ئاسایشی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمشەو دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایشی هەولێر هەوڵدەدەن بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن، بەڵام بازرگانەکە خۆی نادات بە دەستەوە و هەوڵی راکردن دەدات و خۆی دەکێشێت بە چەند ئۆتۆمبێلێکدا و زیان بەر ئۆتۆمبێلەکان دەکەوێت.

بەرپرسی راگەیاندنی ئاسایشی هەولێر گوتیشی: "هێزەکانی ئاسایش توانیان سەرکەووتوانە بازرگانەکە دەستگیر بکەن".

سەبارەت بە دەنگۆی برینداربوونی دوو کارمەندی ئاسایش، موقەدەم ئەردەلان گوتی: "هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە و هیچ کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایش بریندار نەبووە".

پێشتریش ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، وەک بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان زۆر بە جددی کار لەسەر ئەوە دەکەن و بەردەوام دەبن لە هەڵمەت پشکنینی کافێ و رێستورانتەکان و ئەو شوێنانەشی کە گومانی لێ دەکرێت ماددەی هۆشبەری لێبێت.

راشیگەیاند، هەڵمەتەکانی پشکنین بۆ بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، بە ئامادەبوونی نوێنەری پارێزگای هەولێر، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی و ئاسایشی گشتی ئەنجامدەدرێت.