تەقینەوەیەک لە رووسیا گیانلەدەستدانی 27 کەسی لێکەوتەوە

K24 - هەولێر:

بەهۆی تەقینەوەی وێستگەیەکی سووتەمەنییەوە لە رووسیا 27 کەس گیانیان لەدەستدا، کە سیانیان منداڵ بوون و دەیانی دیکەش بریندار بوون.

وەزارەتی فریاکەوتنی رووسیا بڵاویکردەوە، بەهۆی تەقینەوەی وێستگەیەکی سووتەمەنییەوە لە پایتەختی کۆماری داغستانی رووسیا لانیکەم 27 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

لەو بارەیەوە، سێگری میلیکۆڤ حاکمی کۆماری داغستان رایگەیاند، تەقینەوەکە بەجۆرێک بەهێزبووە ئاگر تا دووری 600 مەتر چوارگۆشە لە شوێنی تەقینەوەکەوە چووە.

حاکمی کۆماری داغستان باسی لەوەشکرد، 250 ئەندامی تیمەکانی فریاکەوتن و فڕۆکەی تایبەتیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەکارهێناوە و لێکۆڵینەوەش لە هۆکاری تەقینەوەکە دەکەن.

شایەحتاڵێكی رووداوەکە دەڵێت: دوای تەقینەوەکە هەموو شتەکان بەسەرماندا دەکەوتن، هیچمان نەدەبینی.

کۆماری داغستان یەکێکە لە 83 بەشی پێکهێنەری فیدراسیۆنی رووسیا و دەکەوێتە ئەوپەڕی باشووری وڵاتەکە. ماخاچکالا کە پایتەختەکەیەتی بە نزیکەیی 1600 کیلۆمەتر لە مۆسکۆوە دوورە.