شارەزایانی بواری کەشوهەوا: پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو لەمساڵ گەرمتر بێت

باڵەخانەی ناسا
باڵەخانەی ناسا

K24 - هەولێر

شارەزایانی بواری کەشوهەوا لە حکومەتی ئەمەریکا ئاشکرایان کردووە کە ئەگەری هەیە ساڵی 2023 گەرمترین ساڵ بێت تا ئێستا، هەروەها پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو زیاتر لەمساڵ گەرمتر بێت.

سارا کاپنیک، زانای ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانووس و بەرگەهەوا لە ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ساڵی 2023 تا ئێستا سێیەم گەرمترین ساڵ بووە کە تۆمارکراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "لە 99% دڵنیایە کە ساڵی 2023 لە پێنج گەرمترین ساڵی تۆمارکراودا دەبێت".

لای خۆیەوە گافین شمیدت، بەڕێوەبەری پەیمانگای گۆداردی سەر بە ناسا بۆ توێژینەوەی بۆشایی ئاسمان رایگەیاند، رەنگە ساڵی داهاتوو لە ئەمساڵ گەرمتر بێت بەهۆی دیاردەی "ئێل نینۆ".

ئەم دیاردە خولگەییەی کەشوهەوا بەسەر زەریای هێمن دەبێتە هۆی گەرمبوونی زیاتر.

شمیدت ئاماژەی بەوەشکرد: گەورەترین کاریگەری ئێڵ نینۆ لە ساڵی 2024 روودەدات، بۆیە پێشبینی دەکەین نەک تەنها ساڵی 2023 بەڵکو ساڵی 2024 گەرمتر ببێت.

هەفتەی رابردوو روانگەی کۆپەرنیکۆسی ئەوروپی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بڵاویکردەوە کە مانگی تەمموز گەرمترین مانگە کە تۆمارکراوە و ئەو ژمارانەی کە لەلایەن ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانووس و بەرگەهەوا بڵاوکراونەتەوە لەگەڵ داتاکانی ئەوروپادا دەگونجێت.

لە کاتێکدا ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانووس و بەرگەهەوا رایگەیاندووە: "تێکڕای پلەی گەرمی رووی زەوی لە مانگی تەمموزدا 1.12 پلەی سەدی بووە لە سەرووی تێکڕا، ئەمەش وایکردووە گەرمترین مانگی تەمموز بێت لەو کاتەوەی تۆمارکردنی داتاکان کە 174 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە".

کەیت کالڤین، زانای گەورەی ناسا دەڵێت: گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان و سروشت هەیە لە سەرتاسەری جیهان.