ئێران کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەولەتی وزەی ئەتۆمی دەکات

ئاڵای ئێران
ئاڵای ئێران

K24 - هەولێر

ئێران لە هەوڵدایە کێشەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەولەتی وزەی ئەتۆمی چارەسەر بکات. وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەش رایدەگەیەنێت، بە تایبەتی بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی ئاژانس وەک بابەتی کێشەلەسەر ناویان دێنێت پێشکەوتنی بەرچاویان هەبووە و هاوکاری و دانوستانەکان بە ئاراستەیەکی باشدا بەرەو پێشەوە دەچن.

حسێن ئەمیرعەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، هاوکارییەکان لە نێوان ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران و ئاژانس، لەسەر ئەو بابەتانەی ئاژانس وەک بابەتی کێشەلەسەر ناویان دەبات، پێشکەوتنی باشمان هەبووە. لەو کاتەوە ئاژانس زیاتر جەخت لەسەر بابەتە تەکنیکییەکان دەکاتەوە بووەتە هۆی ئەوەی هاوکارییەکان پێش بکەون."

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ئاژانس و زیندوو کردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و لادانی گەمارۆکان هیچکات سیاسەتی دیپلۆماسی و دانوستانی وەلا نەناوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا، "ئێمە هەمووکات ڕامانگەیاندووە هیچکات لە سیاسەتی دیپلۆماسی و دانوستان دوور نەکەوینەوە. لە سەرەتای کار حکوومەتەوە بڕیاری بەڕێز سەرۆکۆمار ئەوە بوو کە ئێمە بە دوو ئاراستەی پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکان و هەوڵەکان لە بواری دیپلۆماسیدا بۆ لادانی گەمارۆکانی ئەمریکا هەوڵ بدەین."

کێشەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە تایبەت لەسەر ئەو بنکە ئەتۆمییە ڕانەگایندراوانەی ئێران کە ئاسەواری یۆرانیۆمیان لێ دۆزراوەتەوە،  هۆکاری سەرەکیی بێ ئەنجام مانەوەی دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و ئەمریکا بوون.

ئابووریی ئێران لە ژێر کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکادا بەرەو داڕمان دەچێت و هەر بۆیەش هەوڵەکانی حکومەتی ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ ئاژانس، بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بۆ زیندوو کردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمین.