سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی: سەبارەت بە دۆخی پەنابەران لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کۆدەبینەوە

موسا ئەحمەد
موسا ئەحمەد

K24 - هەولێر:

سەرۆکی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی لە ئەمەریکا لەگەڵ ئاژانس و رێکخراو و بەرپرسانی حکومی تاوتوێی دۆخی مرۆیی ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: سەبارەت بە دۆخی پەنابەران سبەی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کۆدەبینەوە.

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە کوردستان24ـی رایگەیاند، بەشێك لەو رێکخراوانەی ئەوان لەگەڵیان کۆبوونەتەوە، بەڵێنی ئەوەیان داوە درێژە بە هاوکارییەکانیان بدەن، سبەینێش لەگەڵ دیسکی ئاوەرە و پەنابەرانی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کۆدەبنەوە، گوتیشی: لە کۆبوونەوەی سبەی، ئێمە وردەکاری زیاتر سەبارەت بە دۆخی پەناران لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەخەینەڕوو، هیواخوازین بتوانین قەناعەت بەوان بکەین کە هانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بدەن بەردەوامی بە هاوکارییەکانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان بدەن.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە سەردانێک لە ئەمەریکایە لەگەڵ ئاژانس و رێکخراو و بەرپرسانی حکومی ئەو وڵاتە تاوتوێی دۆخی مرۆیی ئاوارە و پەنابەران دەکات و بۆ کوردستان24 ئاشکرای دەکات کە هێشتا زیاتر لە 300 هەزار ئاوارەی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێکراون و لە کەمپەکان لە دۆخێکی خراپدان.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەشڵێت: ژیانی ئاوەرە ئێزدییەکان کاتێک جێگیر دەبێت، کە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەشێكی گەورەی هۆکاری گەڕانەوەشیان پەیوەستە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.

لەبارەی ژمارەی پەنابەرانیش، مووسا ئەحمەد بە کوردستان24ی راگەیاند، 248 هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان لە 10 کەمپی هەرێمی کوردستان نیشتەجێکراون و دۆخی رۆژئاوای کوردستان بەجۆرێک نییە کە بەمزووانە بگەڕێنەوە، بۆیە پێویستیان بە هاوکاری رێکخراوە خێرخوازییەکانە.

موسا ئەحمەد باسی لەوەشکرد، بەپێی ئامارەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی، چاوەڕێ دەکرێت جارێکی دیکە 2800 خێزان بگەڕێنەوە نێو کەمپەکان.

ماوەیەکە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکارییە مرۆییەکانیان بۆ کامپەکانی هەرێمی کوردستان کەمی کردووە و، هاوکات حکومەتی عێراقیش هیچ هاوکارییەکی ئەوتۆ پێشکەش بە دانیشتووانی ئەو کەمپانە ناکات کە بەشێکیان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون.

بۆیە ئامانجی شاندی دەزگای خێرخوازی بارزانی لەلایەک روونکردنەوەی دۆخی مرۆیی کۆچبەر و ئاوارەکانە لەلایەکی دیکەوە ئامانجیانە رێکخراوە نێودەوەڵەتییەکان هاوکارییەکان زیاد بکەن.