لیژنەیەک هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک دەدات

کۆنگرەی رۆژنامەوانی نوێنەری پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک
کۆنگرەی رۆژنامەوانی نوێنەری پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک

K24 – کەرکووک

ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بڕیاریداوە، دوکانی پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک تێکبدات و بەبێ خواستی پیشەوەرەکان بگوازنەوە شوێنێکی دیکە، ئەمەش ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە و لە رێگەی لیژنەیەکەوە هەوڵدەدرێت کێشەکە چارەسەر بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 18/8/2023، نوێنەری پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لیژنەیەکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێکهێناوە و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک پەرلەمانتار لەگەڵ نوێنەری پارێزگای کەرکووک کۆبوونەتەوە، لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون بۆ ئەوەی زوڵم لە پیشەوەران نەکرێت.

گوتیشی: "شوێنێک بۆ گواستنەوەی پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەکە دیاریکراوە، بڕیارە لیژنەکە سەردانی ئەو شوێنە بکات کە دیارییان کردووە، بۆ ئەوەی بزانرێ کە ئەو شوێنە گونجاوە یان نا".

لە بەرامبەر بڕیاری گواستنەوەی دوکانەکانیان، پیشەوەرەکانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک چەند رۆژێک وەکو ناڕەزایی گردبوونەوە، ئێستاش چاوەڕێی ئەو لیژنەیە دەکەن کێشەکەیان چارەسەر بکەن.